‌عەلی مەردان؛ ئەو مامۆستایەی لە یەکەم بینیندا ئێرانییەکانی سەرسام کرد

وێستگە ستایل-

عەلی مەردان؛ ئەو مامۆستایەی لە یەکەم بینیندا ئێرانییەکانی سەرسام کرد


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


ئەمڕۆ یادی کۆچی دوایی یەکێک لە پایە هەرە بەرزەکانی هونەری کوردی و مەقامبێژیی ڕۆژهەڵاتە، ئەو هونەرمەندەی توانی مەقامی کوردی بگەیەنێتە ئاستێکی جیاواز و ببێتە قوتابخانەیەکی گەورە بۆ نەوەکانی دوای خۆی، کە تا ئێستاش دەنگ و ئاوازەکانی لە گوێی هەموو کوردێکدا دەنگ دەدەنەوە.


لە ساڵی 1956 کاتێک عەلی مەردان ڕوو لە وڵاتی ئێران دەکات بۆ تۆمارکردنی چەند بەرهەمێک لە ڕادیۆی تاران و کرماشان، ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش دێتە پێش. وەک هونەرمەند مەزهەری خالقی دەیگێڕێتەوە، لە ڕۆژی یەکەمدا ژەنیارە ئێرانییەکان کە ئەندامی ئۆرکێسترای نیشتمانی بوون، بە چاوێکی کەم سەیری عەلی مەردانیان دەکرد، بەڵام تەنها دوای یەک دوو کاتژمێر و دەرکەوتنی شارەزاییە بێوێنەکەی لە مەقامدا، هەمووان تێگەیشتن لەبەردەم چ زەبەلاحێکی هونەریدا وەستاون، بۆیە لەو ڕۆژە بەدواوە تەنها بە وشەی "ئوستاد" بانگیان دەکرد.


مامۆستا عەلی مەردان تەنها دەنگخۆش نەبووە، بەڵکو خاوەنی گوێیەکی موزیکیی زۆر ورد و ئاوازدانەرێکی لێهاتوو بووە؛ زۆرێک لە گۆرانییە هەرە بەناوبانگەکانی وەک "فاتیمە، شەو و ڕۆژ لە خەیاڵ، باخچەی پاشا، و کۆڵان بە کۆڵان" لە ئاوازی خۆی بوون. لە ڕووی مەقامیشەوە، شارەزایەکی کەموێنەی مەقامەکانی (ڕاست، بەیات، سێگا، حیجاز، حوسەینی، ئورفە، مەنسوری، و سەبا) بووە، جگە لەمانەش خۆی داهێنەر و دانەری مەقامی "هیجران" بووە.


ئەم هونەرمەندە ناودارە ناوی تەواوی عەلی کوڕی عەلی عەبدولقادرە و لە ساڵی 1904 لە گەڕەکی تەکیەی شاری کەرکووک لەدایکبووە. لەو شارەدا گەورە بووە و هەر لەوێشەوە هەوێنە سەرەتاییەکانی مەقام و مۆسیقای کوردی لە لایەن مامۆستاکانی ئەو سەردەمە و بنەماڵەکەیەوە وەرگرتووە.


دواجار لە ڕێکەوتی 24ی تەمموزی 1981، مامۆستای مەقامی کوردی ماڵئاوایی لە ژیان کرد و لە گۆڕستانی بەرتەکیەی شاری کەرکووک بە خاک سپێردرا، بەڵام میراتە هونەرییەکەی بە زیندوویی لە ناو دڵی نەوەکانی کورددا مایەوە.


ئەرشیفی هونەری و مێژوویی


PM:02:06:24/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 476 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل