فیفا بڕیارێکی مێژوویی دەدات؛ پارچەیەک چیمەنی یاریگای مۆندیال بە 450 دۆلارە
وێستگە ستایل-
فیفا بڕیارێکی مێژوویی دەدات؛ پارچەیەک چیمەنی یاریگای مۆندیال بە 450 دۆلارە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی "فیفا" لە هەنگاوێکی بێپێشینەدا بڕیاریداوە چیمەنی یاریگای مێتڵایف، کە میوانداریی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 دەکات، وەک یادگارییەکی مێژوویی بە هاندەران بفرۆشێتەوە.
بەگوێرەی بڕیارەکەی فیفا، هەر هاندەرێک بیەوێت ببێتە خاوەنی پارچەیەک لەو چیمەنە مێژووییە، دەبێت بڕی 450 دۆلاری ئەمریکی بدات، کە چیمەنەکە بە شێوەی سێگۆشەیی و بە قەبارەی 45 سانتیمەتر بڕدراوە و وەک دیارییەکی بەنرخ پێشکەش دەکرێت.
یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 بڕیارە لە 19ی تەمموزی ئەو ساڵە لە یاریگای مێتڵایف لە ویلایەتی نیوجرسی ئەنجام بدرێت، فیفا گەرەنتی ئەوە دەدات کە چیمەنەکان لەناو سندووقێکی تایبەت و پارێزراودا دەبن، بە شێوەیەک کە بۆ هەمیشە بە ڕەسەنی دەمێننەوە و تووشی تێکچوون و وشکبوون نابن.
ئەمە یەکەمین جارە لە مێژووی تۆپی پێدا، فیفا چیمەنی یاریگایەکی مۆندیال بفرۆشێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوە داهاتێکی خەیاڵی بۆ یەکێتییەکە فەراهەم بکات و ببێتە وەرچەرخانێک لە شێوازی بەدەستهێنانی داهات لە ڕێگەی یادگارییە وەرزشییەکانەوە.
لە ئێستادا داواکارییەکان تەنیا بۆ دانیشتووانی ئەمریکا و ئەورووپا بەردەستە، بەڵام بڕیارە لە داهاتوودا پرۆسەکە بەرفراوان بکرێت، کڕیارانیش دەتوانن دوای تەواوبوونی فیکەی کۆتایی مۆندیال، پارچە چیمەنەکان لە ماڵپەڕی فەرمی فیفا وەربگرن.
سەرچاوە: ماڵپەڕی فەرمی فیفا
PM:09:19:11/07/2026
ئهم بابهته 332
جار خوێنراوهتهوه