‌بیست ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مارلۆن براندۆ تێدەپەڕێت؛ ئایا "ڤیتۆ کۆرلیۆنی" باشترین ڕۆڵی بوو؟

وێستگە ستایل-

بیست ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مارلۆن براندۆ تێدەپەڕێت؛ ئایا "ڤیتۆ کۆرلیۆنی" باشترین ڕۆڵی بوو؟


سۆلین عوسمان - وێستگە ستایل 


 مارلۆن براندۆ، ئەو ناوەی کە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە جیهانی نواندندا دروستکرد و بووە قوتابخانەیەک بۆ ئەکتەرانی دوای خۆی، ئەمڕۆ یادیبکۆچی دواییەتی. هەرچەندە ساڵانێکی زۆر بەسەر ماڵئاوایی ئەم ئەفسانەیەی سینەمادا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا وەک یەکێک لە پایە هەرە گرنگ و کاریگەرەکانی مێژووی شاشەی زیوین دەمێنێتەوە و کارەکانی لە یادەوەری بینەراندا زیندوون.


ئەم ئەکتەرە دیار و ناودارەی ئەمریکا، لە ڕێکەوتی یەکی تەمموزی ساڵی ٢٠٠٤ لە تەمەنی

٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. براندۆ لە ماوەی کاروانی هونەریی پڕ لە سەروەریی خۆیدا، وەک ئەکتەر بەشداری لە ٤٦ فیلمی سینەماییدا کردووە. ئەو تەنها لە پشت کامێراوە وەک ئەکتەر نەمایەوە، بەڵکو ئەزموونی دەرهێنانیشی هەبوو و یەک فیلمی سینەمایی بە ناوی

"One-Eyed Jacks" لە ساڵی ١٩٦١دا دەرهێناوە. شایەنی باسە، ئەم هونەرمەندە لێهاتووە لە ماوەی ژیانیدا دوو جار خەڵاتی ئۆسکاری وەک باشترین ئەکتەر بەدەستهێناوە.


هەوادارانی سینەما لە سەرانسەری جیهان و ڕەخنەگرانی بواری هونەر، ڕۆڵی "ڤیتۆ کۆرلیۆنی" لە فیلمی "The Godfather" (باوکی ڕۆحی) بە باشترین و پڕ بایەخترین ڕۆڵی مارلۆن براندۆ دادەنێن. ئەو لەم فیلمەدا کە لە ساڵی ١٩٧٢ بەرهەم هێنرا، توانی کارەکتەری سەرۆکێکی مافیا بە شێوازێکی مرۆیی و ئاڵۆز بەرجەستە بکات کە تا ئێستاش وەک یەکێک لە باشترین نواندنەکانی مێژوو دەبینرێت. جگە لەم فیلمە، براندۆ لە چەندین شاکاری دیکەی وەک "Apocalypse Now 1979" و "On the Waterfront 1954" ڕۆڵی مێژوویی گێڕاوە کە هەر یەکەیان پێگەیەکی تایبەتیان لە سینەمادا هەیە.


جێگەی ئاماژەیە، مارلۆن براندۆ تەنها ئەکتەرێک نەبوو کە دەقەکان بخوێنێتەوە، بەڵکو ئەو بە شێوازی "Method Acting" ناسرابوو، کە تێیدا ئەکتەر بە تەواوی دەچێتە ناو ناخی کارەکتەرەکەوە. فیلمی "One-Eyed Jacks" کە تەنها ئەزموونی دەرهێنانی ئەو بوو، نیشانەی دەستڕەنگینی ئەو بوو لە گێڕانەوەی چیرۆکەکاندا لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە. ژیانی هونەری ئەو تێکەڵەیەک بوو لە یاخیبوون و داهێنان کە وایکرد ببێتە سیمبولی سەردەمی زێڕینی هۆڵیوود.


کۆچی دوایی مارلۆن براندۆ لە ساڵی ٢٠٠٤دا، بۆشاییەکی گەورەی لە پیشەسازی فیلمسازیدا دروستکرد. بەڵام کارەکتەرە جیاوازەکانی، بەتایبەت "دۆن کۆرلیۆنی" و ئەو جوڵە و دەنگە تایبەتەی بۆ ئەو ڕۆڵە دایهێنا، وایکردووە کە ناوی ئەو بۆ هەمیشە وەک "باوکی ڕۆحی" نواندن لە مێژوودا پارێزراو بێت و وەک باشترین ئەکتەری هەموو سەردەمەکان لەلایەن زۆرینەی هەوادارانەوە سەیر بکرێت.



PM:12:21:01/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل