‌دواجار چاوەڕوانییەکان کۆتاییان هات؛ وەرزی یەکەمی زنجیرەی Among Us بە شێوەیەکی کتوپڕ بڵاوکرایەوە

وێستگە ستایل-

دواجار چاوەڕوانییەکان کۆتاییان هات؛ وەرزی یەکەمی زنجیرەی Among Us بە شێوەیەکی
کتوپڕ بڵاوکرایەوە

وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان

دوای ماوەیەکی زۆر لە دەنگۆ و چاوەڕوانییەکی بێزارکەر بۆ هەوادارانی یارییە
ئەلیکترۆنییەکان، کۆمپانیای پاراماونت پڵەس (Paramount+) هەمووانی تووشی
شۆک کرد و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، تێکڕای ئەڵقەکانی وەرزی یەکەمی زنجیرە
ئەنیمەیشنی "Among Us"ی بڵاوکردەوە، ئەم هەنگاوەش وەک سوپڕایزێکی گەورە بۆ
عاشقانی ئەم یارییە دادەنرێت کە ساڵانێکە چاوەڕێی بینینی کارەکتەرە
دڵخوازەکانیان دەکەن لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن.

ئەم پێشهاتە سەرنجڕاکێشە لەکاتێکدایە کە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ، گومان و
پرسیارێکی زۆر لەبارەی بەرهەمهێنانی ئەم زنجیرەیە هەبوو، زۆرێک لە میدیاکان
باسیان لەوە دەکرد کە ئایا پڕۆژەکە سەردەگرێت یان نا، بەڵام دواجار کۆمپانیای
بەرهەمهێنەر بە بێدەنگی و دوور لە ژاوەژاوی ڕاگەیاندنەکان، کارەکەی تەواو کرد
و ئێستا سەرجەم ١٠ ئەڵقەی وەرزی یەکەم لەبەردەستی بینەراندایە، ئەمەش دڵخۆشییەکی
زۆری لە ناو تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست کردووە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەبارەی زنجیرەکەوە بڵاوکراونەتەوە، پڕۆسەی کارکردن
لەسەر ئەم ئەنیمەیشنە ماوەی دوو ساڵی خایەندووە، تیمی بەرهەمهێنان هەوڵیانداوە
سیناریۆیەکی ئەوەندە بەهێز و سەرنجڕاکێش دابڕێژن کە تەنها بۆ منداڵان نەبێت، بەڵکو
گەورەکانیش چێژی لێ ببینن، چیرۆکی زنجیرەکە بە وردی داڕێژراوە و هەموو ئەو توخمە
تەمومژاوییە پڕ لە گومانانەی تێدایە کە یارییەکە پێی ناسراوە، بە جۆرێک بینەر لە
هەر خولەکێکدا ڕووبەڕووی گومان و پێشهاتی نوێ دەبێتەوە.

یاریی ئەلیکترۆنیی "Among Us" کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٨ وەک یارییەکی ئۆنلاینی
بەکۆمەڵ ناسێندرا، توانی لە ماوەیەکی کورتدا جیهان داگیر بکات، ناوەڕۆکی یارییەکە
لەسەر بنەمای نهێنی، تاوان، و فێڵکردن بنیادنراوە، کە تێیدا یاریزانەکان دەخرێنە
ناو ژینگەیەکی داخراو و دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و دادگاییکردنەوە، ئەو کەسە
بدۆزنەوە کە خیانەتکارە (Imposter) و دەیەوێت تیمەکە لەناو ببات، هەر ئەم
تایبەتمەندییە درامییەش وایکردووە زنجیرەکە پۆتێنشیاڵێکی بەهێزی هەبێت بۆ
ڕاکێشانی سەرنجی ملیۆنان بینەر.

بڵاوبوونەوەی ئەم زنجیرەیە بەم شێوەیە و لەم کاتەدا، جارێکی دیکە ناوی "Among Us"
دەهێنێتەوە سەرقافڵەی هەواڵە تەکنەلۆژی و هونەرییەکان، پێشبینی دەکرێت ئەم
زنجیرەیە ببێتە یەکێک لە پڕبینەرترین بەرهەمەکانی پاراماونت پڵەس، چونکە
یارییەکە بنکەیەکی جەماوەریی یەکجار گەورەی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە و
هەمووان تامەزرۆن بزانن چۆن ئەو کێبڕکێ و گومانانەی ناو یارییەکە کراونەتە
چیرۆکێکی زنجیرەیی سەرنجڕاکێش.

IGN


PM:09:54:08/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل