وەبەرهێنانێکی ٢٣٦ ملیۆن دۆلاری لە کەرتی چیپی ئەلیکترۆنی ژاپۆن ئەنجام دەدرێت
وێستگە ستایل-
وەبەرهێنانێکی ٢٣٦ ملیۆن دۆلاری لە کەرتی چیپی ئەلیکترۆنی ژاپۆن ئەنجام دەدرێت
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
کۆمپانیای ئێر لکید (Air Liquide)ی فەڕەنسی ڕایگەیاند کە بڕی ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆ، کە
دەکاتە نزیکەی ٢٣٦ ملیۆن دۆلار، لە ژاپۆن وەبەرهێنان دەکات. ئەم پارەیە بۆ
دروستکردن و بەڕێوەبردنی دوو یەکەی نوێی بەرهەمهێنانی گازی پیشەسازی بەکاردێت
لە شاری هێرۆشیما، کە تایبەت دەبن بە خزمەتکردنی کارگەکانی دروستکردنی نیوەگەیەنەرە
(Semiconductors) پێشکەوتووەکان.
بڕیار وایە ئەم دامەزراوانە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٨ دەست بە کار بکەن و گازەکانی وەک
نایترۆجین، ئۆکسجین و ئارگۆن بە پاکییەکی ئێجگار بەرز دابین بکەن. ئەم گازانە
کەرەستەی سەرەکین لە پرۆسەی دروستکردنی نەوەی نوێی ئەو چیپانەی کە لە
سیستەمەکانی ژیری دەستکرددا بەکاردێن. کۆمپانیا فەڕەنسییەکە کە زیاتر لە
سەدەیە لە ژاپۆن کاردەکات، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم وەبەرهێنانە پێگەی ئەوان لە
یەکێک لە گرنگترین ژینگەکانی چیپی جیهانیدا بەهێزتر دەکات.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە خواستی جیهانی بۆ نیمچەگەیەنەرە پێشکەوتووەکان بە
شێوەیەکی خێرا ڕوو لە زیادبوونە. ژاپۆنیش وەک ناوەندێکی ستراتیژی بۆ ئەم
پیشەسازییە دەبینرێت و وەبەرهێنانی لەم جۆرە دەبێتە هۆی دڵنیایی دان بە
کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا کە کەرەستە خاوە پێویستەکانیان بەردەوام دەبێت،
ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ کێبڕکێی توندی نێوان وڵاتە زلهێزەکان لە بواری
تەکنەلۆژیای سەردەمدا.
سەرچاوە: ماڵپەڕی فەرمی کۆمپانیای ئێر لکید و ئاژانسە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان
PM:11:12:19/05/2026
ئهم بابهته 56
جار خوێنراوهتهوه