‌دۆزینەوەیەک جیهان سەرسام دەکات؛ لە باکووری کوردستان مێژووی مرۆڤایەتی لە "گردە کەچەڵ" سەرلەنوێ دەنووسرێتەوە

وێستگە ستایل-

دۆزینەوەیەک جیهان سەرسام دەکات؛ لە باکووری کوردستان مێژووی مرۆڤایەتی لە "گردە
کەچەڵ" سەرلەنوێ دەنووسرێتەوە

وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان: لە پارێزگای ڕەحای باکووری کوردستان، شوێنەوارناسان
گەیشتوونەتە ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەر کە تەواوی ناوەندە زانستییەکانی جیهانی
بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. دۆزینەوەی کۆمەڵێک پەیکەر و نەخشی دەگمەن لە ناوچەی
شوێنەواریی "گردە کەچەڵ"، نەک هەر دڵی شارەزایانی خۆش کردووە، بەڵکو تێڕوانینە
باوەکانی دەربارەی سەرەتای دروستبوونی شارستانییەت گۆڕیوە و پەردەی لەسەر
نهێنییە شاراوەکانی ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر لادا.

ماوەی چەندین ساڵە تیمە پسپۆڕەکان بەردەوامن لە کنە و پشکنین و هەڵکۆڵین لەم ناوچە
دێرینەدا، بەڵام ئەم وەرزەی کارکردن جیاوازتر بوو. دۆزینەوەی زنجیرەیەک پاشماوەی
نوێ، کە پێکهاتوون لە تاشەبەردی نەخشێنراو و پەیکەری مرۆیی، وایکردووە تێگەیشتن
لە مێژووی دێرینی ناوچەکە و شێوازی ژیانی مرۆڤە یەکەمینەکان ئاسانتر و ڕوونتر بێت
بۆ لێکۆڵەران، کە ئێستا بە وردی خەریکی لێکدانەوەی ئەو هێما مێژووییانەن.

ئەم دۆزینەوانە بریتین لە پەیکەری مرۆیی زۆر ورد و تاشراو، لەگەڵ هەڵکۆڵینی شێوەی
ئاژەڵە جۆراوجۆرەکان لەسەر بەرد، جگە لەوەش پاشماوەی ئامێرەکانی بەرهەمهێنانی
خواردن دۆزراونەتەوە. شارەزایان دەڵێن تەمەنی ئەم پارچانە بۆ ١٢ هەزار ساڵ
لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و لەلایەن دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکەوە بە لێهاتووییەکی
زۆر دروستکراون. ئەم زنجیرە پارچە دۆزراوەیە زانیاری دەگمەن دەربارەی "قۆناغی پێش
گۆزەگەریی" دەخەنە ڕوو، بەتایبەتی لەو لایەنەی کە چۆن تاکەکان لە ژیانی
ڕۆژانەیاندا مامەڵەیان لەگەڵ یەکتر کردووە و چۆن کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراویان
پێکهێناوە.

"گردە کەچەڵ" لە ڕووی مێژووییەوە هیچ کەمتر نییە لە شوێنەواری بەناوبانگی "گردە
مرازان" (خەرابڕەشک) و یەکێکە لە گرنگترین شوێنەوارەکانی باکووری کوردستان و
جیهان. ئەم ناوچەیە وەک کلیلێک وایە بۆ تێگەیشتن لە پەرەسەندنی مرۆڤایەتی، چۆن
مرۆڤەکان لە گرووپی بچووکی کۆچەرییەوە گۆڕاون بۆ پێکهێنانی ژیارێکی ئاڵۆز و
جێگیر. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و باوەڕە ئایینییە
قووڵەکانی ئەو سەردەمە، پاڵنەری سەرەکی بوون بۆ ئەم بەرەوپێشچوونە گەورەیە و
دروستبوونی یەکەمین شارستانییەتەکان.

ئەم دۆزینەوە نوێیانە لە باکووری کوردستان، جارێکی دیکە سەلماندیانەوە کە ئەم خاکە
مێژوویەکی زۆر دێرینتر و دەوڵەمەندتری هەیە لەوەی پێشتر لە کتێبەکاندا باس دەکرا.
چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ بەردەوامی پشکنینەکان لەم گردە مێژووییەدا، وردەکاری زیاتر
دەربارەی یەکەمین نیشتەجێبوونەکانی مرۆڤ ئاشکرا ببن کە ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕینی
چەندین تیۆری مێژوویی لەسەر ئاستی جیهان.

ئاژانسە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان


PM:11:10:02/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل