‌بە فەرمی.. تۆم کروز دەگەڕێتەوە و بەشی سێیەمی فیلمی Top Gun بەرهەم دەهێندرێت

وێستگە ستایل-

بە فەرمی.. تۆم کروز دەگەڕێتەوە و بەشی سێیەمی فیلمی Top Gun بەرهەم دەهێندرێت


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


دواجار هەوادارانی سینەما و فڕۆکە جەنگییەکان مژدەی بەرهەمهێنانی بەشێکی نوێیان

پێدرا، کۆمپانیای پاراماونت بە فەرمی ڕایگەیاند کە دەستیان کردووە بە

ئامادەکارییەکان بۆ بەرهەمهێنانی بەشی سێیەمی فیلمی بەناوبانگی (Top

Gun)، ئەم هەواڵەش کاردانەوەی زۆری لە ناوەندە هونەرییەکاندا لێکەوتووەتەوە و

هەموو چاوەکان ئێستا لەسەر وردەکارییەکانی ئەم پڕۆژە گەورەیەیە.


ئەستێرەی ناوداری جیهانی، تۆم کروز، بۆ جارێکی دیکە لە کەسایەتی 'ماڤریک'دا

دەگەڕێتەوە سەر شاشەکان و ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. کروز کە بەوە ناسراوە

هەمیشە خۆی دیمەنە مەترسیدارەکان ئەنجام دەدات و حەزێکی زۆری بۆ فڕۆکەوانی

هەیە، جارێکی دیکە سەرکردایەتی فڕۆکە جەنگییە خێرا و پێشکەوتووەکانی ئەمریکا

دەکات و درێژە بەو گێڕانەوە سەرنجڕاکێشانە دەدات کە ساڵانێکی زۆرە بینەرانی پێ

سەرسام کردووە.


بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، بەشی سێیەمی فیلمەکە درێژکراوەی ئەو چیرۆکە دەبێت کە

لە ساڵی 2022 لە بەشی دووەمدا پێشکەش کرا. جۆزێف کۆزینسکی، کە سەرکەوتنێکی گەورەی

لە دەرهێنانی بەشی دووەمدا بەدەستهێنا، بۆ ئەم بەشە نوێیەش وەک دەرهێنەر

دەگەڕێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەمجارەش فیلمەکە خاوەنی گرێچن و سیناریۆیەکی

زۆر بەهێز بێت کە هاوشێوەی بەشەکانی ڕابردوو بینەر لە ناو کەشێکی پڕ لە جۆشوخرۆش و

سەرکێشیدا بهێڵێتەوە.


جێی وەبیرهێنانەوەیە کە بەشی دووەمی ئەم فیلمە بەناوی (Top Gun: Maverick) توانی

ڕیکۆردێکی مێژوویی تۆمار بکات. سەرەڕای ئەوەی لە سەردەمێکی تەمومژاویدا و دوای

کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا نمایشکرا کە سینەماکانی جیهان چۆڵ ببوون،

بەڵام توانی زیاتر لە ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار داهات لە ئاستی جیهان کۆبکاتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە تێچووی بەرهەمهێنانی فیلمەکە تەنیا 170 ملیۆن دۆلار بوو،

ئەمەش وایکرد ببێتە یەکێک لە سەرکەوتووترین فیلمەکانی مێژووی سینەما لە ڕووی

دارایی و جەماوەرییەوە.


لە ئێستادا هەوادارانی تۆم کروز و زنجیرە فیلمی تۆپ گەن بە پەرۆشییەوە چاوەڕێی

دیاریکردنی وادەی نمایشکردن و بڵاوبوونەوەی یەکەم تریلەری ئەم بەشە نوێیە

دەکەن، کە پێشبینی دەکرێت جارێکی دیکە جیهانی سینەما بهەژێنێت و ببێتە یەکێک

لە پڕبینەرترین بەرهەمەکانی ساڵانی داهاتوو.


PM:09:51:28/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل