‌کەشناسی هەرێم هۆشداری دەدات: شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە و تەرزە روو لە ناوچە جیاجیاکان دەکات و ئاستی ئاو بەرزدەبێتەوە

وێستگە ستایل-

کەشناسی هەرێم هۆشداری دەدات: شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە و تەرزە روو لە
ناوچە جیاجیاکان دەکات و ئاستی ئاو بەرزدەبێتەوە

وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان هۆشداری لە تێکچوونی
کەشوهەوا و ناسەقامگیری دۆخی ئاسمان دەدات و رایدەگەیەنێت، لە زۆربەی ناوچەکانی
هەرێم بارانبارین و هەورەبرووسکە دەستپێدەکات و لە هەندێک ناوچەی دیاریکراویش
بەهۆی لێزمە بارانەوە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو هەیە،
ئەمەش وادەکات هاووڵاتییان لە گەشت و سەیرانەکانیان بە ئاگابن.

بەگوێرەی دوایین پێشبینییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە رێکەوتی 28ی نیسانی 2026، ئاسمانی
هەرێمی کوردستان لە کاتەکانی بەیانییەوە نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت و ئەم
ناسەقامگیرییە تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت، کە تیایدا چەندین ناوچەی جیاجیا
دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما روو لە دابەزین دەکەن و خێرایی باش لە هەندێک ناوچە
زیاد دەکات.

لە وردەکاری تری دۆخی کەشوهەوادا هاتووە، لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و
کەرکووک، بارانبارین و هەورە تریشقە بە شێوەی پچڕ پچڕ دەبێت، بەڵام بۆ
ناوچەکانی باشووری سلێمانی رێژەی دابارین زیاتر دەبێت و ئەگەری بارینی تەرزە
لە ئارادایە. هەرچی ئیدارەی گەرمیانە، لە کاتەکانی ئێوارەدا دۆخی ناسەقامگیری زیاد
دەکات و بارانی لێزمە و بەخوڕ زۆربەی ناوچەکانی دەگرێتەوە، کە رەنگە ببێتە هۆی
بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ناوچە نزمەکاندا. لە هەولێر و ئیدارەی سۆران،
بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان، لێزمە باران و هەورەبرووسکە پێشبینی دەکرێت و
لە سەنتەری پارێزگاش لە کاتەکانی نیوەڕۆ و دوای نیوەڕۆ ئەگەری بارانبارین هەیە.

ئەم جۆرە شەپۆلانەی کەشوهەوا لە کۆتاییەکانی وەرزی بەهاردا زۆرجار بە
ناسەقامگیرییەکی خێرا و بارانی بەخوڕ دەناسرێنەوە، کە لەگەڵ خۆیاندا
هەورەبرووسکەی بەهێز و هەندێکجار تەرزە دەهێنن. ئەم گۆڕانکارییە کتووپڕانە لە
پلەکانی گەرما و پەستانی هەوادا، دەبنە هۆی دروستبوونی هەورە بروسکەی چڕ،
ئەمەش وا دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشداری بدەنە شۆفێران کە لە کاتی
گەشتکردن بۆ ناوچە شاخاوییەکان و دۆڵەکان و ئەو شوێنانەی ئاستی ئاویان لێ بەرز
دەبێتەوە، رێکاری خۆپارێزی بگرنەبەر.

سەبارەت بە ناوچەکانی دهۆک و ئیدارەی زاخۆ، کاریگەری شەپۆلەکە بە بەراورد بە
ناوچەکانی دیکە کەمتر دەبێت و تەنها بە شێوەی نمە بارانی پچڕ پچڕ لە
کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا دەردەکەوێت. بە گشتی ئەمڕۆ رۆژێکی تەواو باراناوی و
ناسەقامگیر دەبێت لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا و پێشبینی دەکرێت
تا درەنگانی شەو کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە بەردەوامی هەبێت.

سەرچاوە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان.


AM:10:50:28/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل