‌زەنگێکی مەترسیدار بۆ جیهان لێدرا؛ گەرمبوونی ئۆقیانووسەکان قرشەکان بەرەو لەناوچوونی یەکجاری دەبات

وێستگە ستایل-

زەنگێکی مەترسیدار بۆ جیهان لێدرا؛ گەرمبوونی ئۆقیانووسەکان قرشەکان بەرەو

لەناوچوونی یەکجاری دەبات


وێستگە ستایل- سۆلین عوسمان


گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای ئۆقیانووسەکان تەنها مرۆڤی

نەخستووەتە مەترسییەوە، بەڵکو ژیانی زیندەوەرە دەریاییەکانیشی کردووەتە ئامانج و

جۆرە جیاوازەکانی قرشیش لە لێواری لەناوچووندان. لە نوێترین هۆشداری ناوەندە

زانستییەکانی جیهاندا دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای ئاوەکان

کاریگەرییەکی کوشندەی لەسەر ژیانی قرشەکان دروستکردووە و ئەگەر مرۆڤایەتی

نەتوانێت چارەسەرێکی بەپەلە بۆ گەرمبوونی زەوی بدۆزێتەوە، ئەوا لە داهاتوویەکی

نزیکدا ئەم بوونەوەرە گرنگانە بە تەواوی لەسەر نەخشەی ژینگەی دەریایی دەسڕێنەوە

و وەک باس دەکرێت: "ئەگەر چارەسەر نەدۆزرێتەوە، ئەمانیش لەناودەچن".


توێژینەوە زانستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە قرشەکان زیندەوەرێکی یەکجار هەستیارن

بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرما، بەو پێیەی ئەوان گیانلەبەری "خوێن

ساردن" و پلەی گەرمای جەستەیان بەستراوەتەوە بە دەوروبەرەکەیانەوە. کاتێک پلەی

گەرمای ئۆقیانووسەکان بەرز دەبێتەوە، پڕۆسەی میتابۆلیزم لە جەستەیاندا بە شێوەیەکی

نائاسایی خێرا دەبێت، ئەمەش وا دەکات جەستەیان پێویستییەکی یەکجار زۆری بە ئۆکسجین

هەبێت. بەڵام کێشە گەورەکە لێرەدایە کە ئاوی گەرم بڕێکی کەمتری ئۆکسجینی تێدا

دەمێنێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی قرشەکان تووشی خنکان و تێکچوونی سیستەمی

بایۆلۆژی ببن و لە کۆتاییدا گیان لەدەست بدەن.


بەپێی داتاکانی ئاژانسی نیشتمانی بۆ زەریا و بەرگەهەوا (NOAA)، لە چەند ساڵی

ڕابردوودا ڕووداوێکی کارەساتبار لە دەریای "بێرینگ" لە نزیک ئالاسکا ڕوویدا

کە تێیدا زیاتر لە ١٠ ملیار قرژاڵی جۆری (بەفر) بە شێوەیەکی کتوپڕ ون بوون و

لەناوچوون. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە شەپۆلە گەرمەکان وایانکردووە

قرژەکان پێویستیان بە چوار هێندە وزەی زیاتر هەبێت بۆ مانەوە، بەڵام بەهۆی

کەمی خۆراک و گەرمبوونی ئاوەکە، ئەو سوپایە گەورەیەی قرژاڵەکان لە برساندا

مردوون، ئەمەش گەورەترین داڕمانی ژینگەیی بوو کە لە مێژووی ئەو ناوچەیەدا

تۆمارکرابێت.


ئۆقیانووسەکان لە ئێستادا وەک "ئیسفەنج" کاردەکەن و زیاتر لە %٩٠ی ئەو گەرمییە

زیادەیەی بەهۆی گازە ژەهراوییەکانەوە دروستبووە دەیمژن، ئەمەش کاریگەری

ڕاستەوخۆی لەسەر بنی دەریاکان هەبووە کە ژینگەی سەرەکی قرشەکانە. قرشەکان

تەنها سەرچاوەیەکی گرنگی خۆراک نین، بەڵکو ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە ڕاگرتنی

هاوسەنگی زنجیرەی خۆراکی دەریایی. نەمانی ئەوان دەبێتە هۆی تێکچوونی ژیانی

ماسییە گەورەکان و باڵندە دەریاییەکان و تەنانەت زیانی ملیاران دۆلار لە کەرتی

ڕاوچییەکان دەدات کە بژێوی ملیۆنان کەسی لەسەر بەندە.


لە کۆتاییدا، زانایانی ژینگە لە زانکۆکانی کەنەدا و ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە کە

پاراستنی قرشەکان پێویستی بە هەنگاوی جیهانی هەیە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن.

ئەگەر ڕێژەی گەرمبوون بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا قرشەکان دەبنە یەکەم

قوربانی گەورەی گۆڕانی کەشوهەوا کە بە تەواوی لەناودەچن. کات لە بەرژەوەندی ژینگە

نییە و پێویستە بەر بەر لەوەی کار لەکار بترازێت، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ

ساردکردنەوەی زەوی و پاراستنی زەریاکان چڕتر بکرێنەوە.


سەرچاوە: گۆڤاری زانستی (Science) و ئاژانسی نیشتمانی بۆ زەریا و بەرگەهەوا (NOAA)

و ناشناڵ جیۆگرافیک.


PM:09:49:22/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل