کانت؛ ئەو فەیلەسووفەی بە ئەقڵ و ئێتیک جیهانی گۆڕی
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
ئیمانوێل کانت، یەکێک لە مەزنترین و کاریگەرترین فەیلەسووفەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و رابەری سەردەمی رۆشنگەریی ئەوروپا، وەک چڵەپۆپەی فیکری مۆدێرن دەناسرێت کە توانی ئاراستەی بیرکردنەوەی مرۆڤ لە ئاستی زانیین و رەوشتدا بگۆڕێت.
ئەم بیرمەندە ئەڵمانییە کە لە ٢٢ی نیسانی ١٧٢٤ لە چوارچێوەی خێزانێکی ئاینییدا لەدایکبووە، تێکڕای ژیانی خۆی بۆ تێڕامان و داڕشتنەوەی فەلسەفە تەرخانکرد، بە جۆرێک کە تێڕوانینە ئاینییەکانی بنەماڵەکەی کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر داڕشتنی تیۆرییەکانی لە پرسی ئێتیک و رەوشتدا دروستکرد.
کانت چوارەم منداڵی خێزانەکەی بوو لە کۆی هەشت خوشک و برا، بەڵام بەهۆی مردنی زۆرینەیان، ئەو وەک کوڕە گەورەی ڕزگاربوو دەرفەتی خوێندنی بۆ ڕەخسا؛ دواتر بەهۆی کۆچی دوایی باوکی و بۆ بژێوی خێزانەکەی، بۆ ماوەی نۆ ساڵ وەک وانەبێژێکی تایبەت کاری کرد تاوەکو دواجار خوێندنی باڵای تەواو کرد و بووە یەکێک لە پۆڵاکانی زانکۆی کۆنیگسبێرگ.
ئەم فەیلەسووفە ژیانێکی زۆر سەیر و تایبەتی هەبووە، ئەو تووشی نەخۆشی "هایپۆکۆندریاک" بوو کە هەمیشە وای دەزانی نەخۆشە، هەروەها مرۆڤێکی ئەوەندە پابەند بوو بە کات و شوێنەوە کە لە تێکڕای ژیانیدا تەنها لە بازنەی ٦٤ کیلۆمەتری شارۆچکەکەی خۆی دوورکەوتووەتەوە و هەرگیز گەشتی نەکردووە، تەنانەت بەهۆی زۆر بیرکردنەوەوە دوو جار هەلی هاوسەرگیریی لەدەستداوە.
کانت خاوەنی چەندین بەرهەمی نەمورە وەک "ڕەخنە لە ئەقڵی پەتی" و "مێتایفیزیکی ڕەوشت"، سەرەڕای ئەوەی خاوەن جەستەیەکی لاواز بوو و هەمیشە بەدەست نەخۆشی سییەکانەوە دەیناڵاند، بەڵام تاوەکو ساتە وەختی مردنی لە ١٢ی شوباتی ١٨٠٤ لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا، بەردەوام بوو لە بەرهەمهێنانی مەعریفە.
سەرچاوە: ئەرشیفی مێژوویی زانکۆی کۆنیگسبێرگ و ئینسایکلۆپیدیای فەلسەفەی ستانفۆرد
PM:09:10:22/04/2026