‌چارەنووسی جاک سپارۆ لە بەشی شەشەمی تاقیکردنەوەدایە؛ ئایا جۆنی دێپ دەگەڕێتەوە؟

وێستگە ستایل-

چارەنووسی جاک سپارۆ لە بەشی شەشەمی تاقیکردنەوەدایە؛ ئایا جۆنی دێپ دەگەڕێتەوە؟


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


جێری برەکهایمەر، بەرهەمهێنەری بەناوبانگی زنجیرە فیلمی Pirates of the Caribbean، بە فەرمی کارەکانی بۆ بەرهەمهێنانی بەشی شەشەمی فیلمەکە دەستپێکردووە، بەڵام گەورەترین پرسیار کە لە لای هەواداران دروستبووە، چارەنووسی کارەکتەری جاک سپارۆیە.


تاوەکو ئێستا چیرۆکی بەشی نوێ لە قۆناغی پەرەپێداندایە و ڕوون نییە کام یەک لە ئەکتەرە کۆنەکان دەگەڕێنەوە، بەڵام هەموو چاوەکان لەسەر جۆنی دێپە کە وەک ڕووخساری سەرەکی ئەم زنجیرەیە دەناسرێت.


هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەیە کە هەوڵێک بۆ گەڕانەوەی جۆنی دێپە، بەڵام بەهۆی ئەو کێشە یاساییانەی پێشتر لەگەڵ کۆمپانیای دیزنی بۆی دروستبوو، پێشبینی ناکرێت ئەم ئەکتەرە جارێکی دیکە ڕازی بێت بۆ ڕۆڵبینینی جاک سپارۆ بگەڕێتەوە.


دیزنی لە دوای دوورخستنەوەی جۆنی دێپ، ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەوە لەلایەن هەوادارانەوە، زۆرێک لە چاودێرانی سینەماش پێیان وایە کە بەبێ جۆنی دێپ، زنجیرە فیلمەکە ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی پێشووی نابێت و زیانی گەورە دەکات.


ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا دیزنی دەتوانێت بەبێ جاک سپارۆ جەماوەر بۆ سینەماکان ڕابکێشێت، یان دواجار ناچار دەبێت داوای لێبووردن لە جۆنی دێپ بکات و بە مەرجەکانی ئەو بیگەڕێنێتەوە؟


سەرچاوە: پێگەی Deadline و Variety تایبەت بە هەواڵەکانی هۆلیوود


PM:09:09:22/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل