‌کەشناسی هەرێم هۆشداری لە باران و بروسکە دەدات و پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن

وێستگە ستایل-

کەشناسی هەرێم هۆشداری لە باران و بروسکە دەدات و پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن

وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان 


بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، نوێترین پێشبینییەکانی خۆی بۆ دۆخی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکەش بێت، ناسەقامگیری لە ئاسمانی ناوچەکەدا بەردەوام دەبێت و شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە.

بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٦، بەهۆی بەردەوامی ناسەقامگیری لە چینی سەرەوەی بەرگی هەوادا، ئاسمانی هەرێم بە گشتی بە هەوری دەمێنێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت لە زۆربەی ناوچەکاندا تاوەباران و هەورەبرووسکە هەبێت و لە هەندێک کاتیشدا پێشبینی دەکرێت لیزمە باران و تەرزە ببارێت، بەڵام بۆ کاتەکانی شەو کاریگەری ئەم شەپۆلە کەم دەبێتەوە. هاوکات پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ، بە نزیکەی (٢ بۆ ٤) پلەی سیلیزی روو لە دابەزین دەکەن.

سەبارەت بە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیە دەبن: شارەکانی هەولێر و چەمچەماڵ و هەڵەبجە ٢٠ پلەی سیلیزی تۆمار دەکەن، سلێمانی ١٩ پلە، دهۆک و پیرمام ١٧ پلە، زاخۆ و سۆران ١٨ پلە، گەرمیان بە بەرزترین پلە کە ٢٢ پلەیە دەمێنێتەوە، هەروەها نزمترین پلەی گەرما لە حاجی ئۆمەران دەبێت کە ١٢ پلەی سیلیزییە.

پەیوەست بە کەشوهەوای سبەی سێشەممە ٢١ی نیسان، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاسمان بە گشتی بە نیمچە هەوری دەمێنێتەوە، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان و بەتایبەت ئەو ناوچانەی دەکەونە سەر سنوورەکان، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت. لە کاتەکانی بەیانی تاوەکو دوانیوەڕۆ، ئەگەری تاوەباران و هەورەبرووسکەی لاواز و لابەلا لە ناوچە جیاوازەکاندا هەیە و دواتر کەشەکە بەرەو جێگیربوون دەچێت.

پلەکانی گەرمای سبەی سێشەممە بە گشتی نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ و بەم شێوەیە دەبن: هەولێر ١٩ پلە، سلێمانی ١٨ پلە، دهۆک و زاخۆ و سۆران و پیرمام ١٦ پلە دەبن. هەروەها شارەکانی چەمچەماڵ و هەڵەبجە ٢٠ پلە، گەرمیان ٢٢ پلە و حاجی ئۆمەران ١٠ پلەی سیلیزی دەبێت، کە ئەمەش نیشانەی بەردەوامی فێنکیی کەشوهەوایە لەم وەرزەدا.

ئەم زانیارییانە لە ڕاگەیەندراوی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستانەوە وەرگیراون.


PM:12:12:20/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل