دلێر ئیبراهیم؛ ژیانی هونەرمەندێک کە موزیک و شاخی پێکەوە گرێدا
وێستگە ستایل-
دلێر ئیبراهیم؛ ژیانی هونەرمەندێک کە موزیک و شاخی پێکەوە گرێدا
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
هونەرمەند دلێر ئیبراهیم، یەکێکە لەو ناوە درەوشاوانەی کە مێژوویەکی پڕ لە داهێنان و تێکۆشانی لە بواری موزیک و هونەری کوردیدا هەیە، ناوبراو لە ساڵی ١٩٥١ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و هەر لەوێش قۆناغەکانی خوێندنی بڕیوە تا لە ساڵی ١٩٧٠ خانەی مامۆستایانی تەواو کردووە.
دلێر ئیبراهیم تەنها موزیکژەنێک نەبووە، بەڵکو دامەزرێنەر و خەمخۆرێکی گەورەی تیپە موزیکییەکان بووە، لە ساڵی ١٩٧٣ بووەتە ئەندامی تیپی موزیکی سلێمانی و دواتر ڕۆڵی هەبووە لە دامەزراندنی تیپی موزیکی شۆڕش و تیپی موزیکی شێخ مەحموود، یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتەکانیشی دامەزراندنی تیپی موزیکی منداڵانی سلێمانی بووە لە ساڵی ١٩٧٧، کە توانیویانە دوو جار پلەی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق بەدەستبهێنن.
ئەم هونەرمەندە لە شاخیش دەستبەرداری هونەر نەبووە، لە ساڵی ١٩٨٢ بووەتە پێشمەرگە و لەوێش تیپی موزیکی "شەهید کارزان"ی دامەزراندووە، ئاوازی گۆرانییە نیشتمانییە بەناوبانگەکانی وەک "ئاسودەبن... زەبری زیندان" بەرهەمی پڕ لە هەستی ئەون، هاوکات لە بواری نووسینیشدا چەندین کتێبی گرنگی وەک "تیۆرەکانی موزیک" و "نانەبەرە بۆ منداڵان"ی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە.
بۆ ڕێزلێنان لەو مێژووە پڕشنگدارە، لە ساڵی ٢٠١٢ خەڵاتی زێڕینی "بلە"ی پێبەخشرا و لە ساڵی ٢٠١٧ش لە بەغداد ڕێوڕەسمێکی شکۆداری بۆ سازکرا، کارەکانی وەک "ببم بەقوربانی لار و لەنجەکەی" و "من دوور و تۆ دوور" تا ئێستاش لە یادەوەری هونەری کوردیدا بە زیندوویی ماونەتەوە.
سەرچاوە: کتێبی موزیک و سیاسەت – توانا حەمە
PM:11:36:06/04/2026
ئهم بابهته 260
جار خوێنراوهتهوه