ئاراگۆرن" لە بەشە نوێیەکەی پادشای ئەنگوستیلەکان نابینرێتەوە؛ ڤیگۆ مۆرتێنسن بڕیاری کشانەوەی دا
وێستگە ستایل-
"ئاراگۆرن" لە بەشە نوێیەکەی پادشای ئەنگوستیلەکان نابینرێتەوە؛ ڤیگۆ مۆرتێنسن بڕیاری کشانەوەی دا
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
بۆ هەوادارانی زنجیرە فیلمی جیهانی "پادشای ئەنگوستیلەکان" (Lord of the Rings)، هەواڵێکی ناخۆش بڵاوکرایەوە، ئەویش بە فەرمی دوورخرانەوەی کارەکتەری "ئاراگۆرن"ە لە بەشی داهاتووی زنجیرەکە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەکتەری ناودار ڤیگۆ مۆرتێنسن بڕیاری دا بەشداری تێدا نەکات.
لە ئێستادا کارەکانی بەرهەمهێنانی بەشی نوێی زنجیرەکە بە ناونیشانی "The Hunt for Gollum" دەستی پێکردووە، هەرچەندە زۆرینەی ڕەخنەگر و بینەران هیوایان وابوو جارێکی تر ئاراگۆرن لەسەر شاشەکان ببیننەوە، بەڵام کشانەوەی مۆرتێنسن وای کرد دەرهێنەر و نووسەران بڕیاری دوورخستنەوەی ئەو کارەکتەرە بدەن لەم بەشەدا، چونکە وێنای ئاراگۆرن بەبێ مۆرتێنسن لای بینەران کارێکی ئەستەمە
ئاندی سێرکیس، کە دەرهێنەری ئەم بەشە نوێیەیە، لە دیمانەیەکدا جەختی لەوە کردەوە کە کارەکان بە نهێنییەکی توند بەڕێوەدەچن و تیمی بەرهەمهێنان زۆر نزیکن لە دەستپێکردنی قۆناغی تۆمارکردنی دیمەنەکان، سێرکیس دەڵێت "وردەکارییەکان بەم نزیکانە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە، ئێمە دەستەیەکی مەزنمان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی کارێکی شایستە پێشکەش بکەین".
هەرچەندە ئاراگۆرن نابینرێت، بەڵام هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە هەریەک لە ئەکتەران ئیان مککێڵن و ئیڵایجا وود بۆ بینینی ڕۆڵی گاندالف و فرۆدۆ دەگەڕێنەوە، بڕیاریشە فیلمەکە لە ڕێکەوتی ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٧ لە سینەماکانی جیهان نمایش بکرێت و ببێتە یەکێک لە گەورەترین ڕووداوە سینەماییەکانی ئەو ساڵە.
PM:11:35:06/04/2026
ئهم بابهته 252
جار خوێنراوهتهوه