‌سازگەی گفتوگۆی شانۆ لە سلێمانی؛ کارەکتەرسازی و ئەزموونی ئەکتەر لەسەر تەختە تاوتوێ دەکرێت

وێستگە ستایل-

سازگەی گفتوگۆی شانۆ لە سلێمانی؛ کارەکتەرسازی و ئەزموونی ئەکتەر لەسەر تەختە تاوتوێ دەکرێت


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


شاری سلێمانی، وەک پایتەختی ڕۆشنبیری، جارێکی دیکە دەبێتە مەڵبەندی کۆبوونەوەی شانۆکاران و لەو چوارچێوەیەشدا ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی دووەم دیداری "سازگەی گفتوگۆی کارگەی شانۆ" گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی.


ئەم دیدارە کە تایبەت کراوە بە بابەتی "کارەکتەرسازی و ئەزموونی ئەکتەر لەسەر تەختەی شانۆ"، هەوڵێکە بۆ قووڵبوونەوە لە لایەنە هونەری و دەروونییەکانی ئەکتەر لە کاتی بەرجەستەکردنی ڕۆڵەکانیدا، بڕیارە چەندین شانۆکاری ناسراو و خاوەن ئەزموون تێیدا بەشداربن، لەوانە: دیدار عومەر، زمناکۆ کەریم، دیاری عومەر و گۆران نامیق، کە هەریەکەیان دیدگای خۆیان لەسەر پرۆسەی دروستکردنی کارەکتەر دەخەنە ڕوو.


ئەمە لە کاتێکدایە کە دیداری یەکەمی ئەم سازگەیە تایبەت بوو بە پرسی "دەرهێنان لە شانۆی هاوچەرخدا"، کە تێیدا باس لە گۆڕانکارییەکانی تەکنیک و دیدی دەرهێنەر کرا، ئێستاش کارگەی شانۆ دەیەوێت لە ڕێگەی دیداری دووەمەوە، تیشک بخاتە سەر کۆڵەکەیەکی تری گرنگی شانۆ کە ئەویش ئەکتەر و کارەکتەرە.


دیداری دووەمی سازگەی گفتوگۆی شانۆ، بڕیارە لە ڕێکەوتی ٩ی نیسان، کاتژمێر چواری ئێوارە، لە هۆڵی ژمارە یەکی بینای وەرشەکان لە "کارگەی کولتووری سلێمانی" بەڕێوەبچێت، ئەم کارگەیە کە کۆمەڵێک دەرهێنەر و ئەکتەر و دراماتۆرگی سەربەخۆ لە دەوری یەک کۆکردووەتەوە، ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە شانۆ وەک هونەرێکی زیندووی ڕۆژانە بهێڵێتەوە و لە چوارچێوەی "هونەری بۆنەکان" دەریبێنێت.


PM:11:34:06/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل