‌ئەفسانەی دەنگ جودی کۆڵینز لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا ماڵئاوایی لە گۆرانی و موزیک دەکات

وێستگە ستایل-

ئەفسانەی دەنگ جودی کۆڵینز لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا ماڵئاوایی لە گۆرانی و موزیک دەکات


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


جودی کۆڵینز، ئەو خانمە گۆرانیبێژە ئەمریکییەی کە بۆ ماوەی حەوت دەیە بە دەنگە سۆزدار و بەهێزەکەی جیهانی سەرسام کردبوو، بڕیاریدا کۆتا گەشتی موزیکیی خۆی ئەنجام بدات و پاشان بۆ هەمیشە خانەنشین بێت و ماڵئاوایی لە تەختەی شانۆ بکات.


ئەم خانمە کە بە "ئەفسانەی دەنگ و دەق" دەناسرێت، بڕیارە لە تەمموزی ئەمساڵدا دەست بە گەشتە کۆتاییەکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات، کە تاوەکو زستانی ساڵی ٢٠٢٧ بەردەوام دەبێت. ئەم گەشتە وەک دەرفەتێکی کۆتایی دەبێت بۆ هەوادارانی تاوەکو لە نزیکەوە گوێبیستی دەنگە سوپرا نۆ ناوازەکەی بن.


کۆڵینز کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا دەبێتە ٨٧ ساڵ، خاوەنی مێژوویەکی زێڕینە کە پێکدێت لە نزیکەی ٦٠ ئەلبوومی گۆرانی. ئەو تەنها گۆرانیبێژ نەبووە، بەڵکو وەک یەکێک لە کاریگەرترین ژنانی ناو کایەی هونەری جیهانی ئەژمار دەکرێت کە توانیویەتی شێوازێکی تایبەت لە موزیکی فۆلکلۆر و پۆپدا دابهێنێت.


لەماوەی حەوت دەیەی کارکردنیدا، جودی کۆڵینز چەندین خەڵاتی جیهانی بردەوە و بووە ئیلهامبەخش بۆ چەندین نەوەی نوێی گۆرانیبێژان. بڕیاری خانەنشینبوونی، هەرچەندە بۆ هەوادارانی غەمگینە، بەڵام وەک پشوویەک دوای ساڵانێکی درێژ لە بەخشینی بێوچان دەبینرێت.

کۆتا گەشتی ئەم خانمە هونەرمەندە بە کۆنسێرتێکی گەورە کۆتایی دێت، کە تێیدا هەموو ئەو گۆرانییانە دەڵێتەوە کە لە یادەوەری خەڵکدا وەک شاکاری نەمری موزیکی جیهانی ماونەتەوە.


ڕۆژنامە هونەرییەکانی ئەمریکا و ئاژانسە موزیکییە جیهانییەکان.


AM:02:38:24/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل