پڕۆژەیەکی گەورەی دیجیتاڵی بۆ پاراستنی میراتی لیڤ تۆڵستۆی ڕادەگەیەنرێت
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
دامەزراوەیەکی گەورەی ڕووسی بە هاوکاری تیمێکی تەکنیکی و ئەکادیمی، کار لەسەر پڕۆژەیەکی بێوێنە دەکەن بۆ دیجیتاڵکردن و کۆکردنەوەی تەواوی بەرهەمەکانی لیڤ تۆڵستۆی، گەورە ڕۆماننووسی جیهان، بە ئامانجی پاراستنی میراتی ئەدەبی ئەو نووسەرە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
ئەم پڕۆژە نیشتمانی و جیهانییە، کە بڕیارە تاوەکو ساڵی ٢٠٢٨ بە تەواوەتی تەواو بکرێت، لە مانگی ئەیلوول و لە ساڵیادی لەدایکبوونی تۆڵستۆیدا بۆ هەموو جیهان بەردەست دەخرێت، تاوەکو توێژەران و ئارەزوومەندانی ئەدەب بتوانن بە ئاسانی دەستیان بە هەموو نووسراوەکانی بگات.
پڕۆژەکە تەنها کۆکردنەوەی پەرتووک نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی وردی ئەرشیفکردنە کە پێکدێت لە زیاتر لە دوو ملیۆن پەڕە دەستنووس و بەڵگەنامەی مێژوویی، لەگەڵ پاراستنی دەنگە ڕەسەن و تۆمارکراوەکانی خودی تۆڵستۆی و وێناکردنی جیهانی ڕۆمانەکانی بە شێوەی دیجیتاڵی و سێ ڕەهەندی.
ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە گەورەیە، ڕەخساندنی دەروازەیەکی ئەکادیمی و زانستییە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، توێژینەوە لەسەر فکر و فەلسەفەی ئەم ڕۆماننووسە بکات، هاوکات پاراستنی ئەو دەستنووسانەیە کە لە مۆزەخانەی حکومی تۆڵستۆیدا پارێزراون و ترسی تیاچوونیان لێدەکرێت.
لیڤ تۆڵستۆی کە خاوەنی شاکارەکانی وەک "شەڕ و ئاشتی" و "ئانا کارینینا"یە، وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئەدەبیاتی جیهانی دەژمێردرێت، ئەم پڕۆژەیەش ڕێزگرتنێکی گەورەیە لەو مێژووە پڕ لە داهێنانەی کە پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە.
دامەزراوەی نێودەوڵەتیی میراتی لیڤ تۆڵستۆی و میدیاکانی ڕووسیا.
AM:02:37:24/03/2026