‌تیمۆسی شالامەی بە لێدوانێکی جەنجاڵبا بزوێن لەبارەی هونەرە کلاسیکییەکان هەڵایەکی گەورە دەنێتەوە

وێستگە ستایل-

تیمۆسی شالامەی بە لێدوانێکی جەنجاڵبا بزوێن لەبارەی هونەرە کلاسیکییەکان هەڵایەکی گەورە دەنێتەوە


وەستگە ستایل - سۆلین عوسمان


تیمۆسی شالامەی، ئەکتەری لاوی فەڕەنسی-ئەمریکی، بە دەربڕینی سەرنجێکی توند و هەستیار لەسەر هونەرەکانی بالێ و ئۆپێرا، بووەتە جێی باسی میدیاکانی جیهان و ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە. شالامەی لە نوێترین دەرکەوتنیدا بە ئاشکرا ئەو دوو هونەرە ڕەسەنەی بە "هونەری کەوتوو" وەسف کرد، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە چیتر ئەو جۆرە هونەرانە جێگەی بایەخی جەماوەر نین و بەرەو نەمان دەچن.


ئەم ئەکتەرە تەنها لەو خالەدا نەوەستاوە، بەڵکو مەترسییەکی گەورەتر بۆ سەر داهاتووی سینەما دەخاتە ڕوو و ئاماژە بەوە دەدات، کە زۆر نیگەرانە لەو دۆخەی ئێستای پیشەسازی فیلمسازی تێیدایە. ئەو دەترسێت کە ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، سینەماش بە دەردی بالێ و ئۆپێرا بچێت و ببێتە هونەرێکی لەبیرکراو و بێ کاریگەر لەناو نەوە نوێیەکاندا.


کاردانەوەکانی هۆڵیوود بۆ ئەم لێدوانانە زۆر خێرا بوون، ژمارەیەکی زۆر لە چاودێرانی هونەری و ئەکتەرە دێرینەکانی هۆڵیوود، قسەکانی شالامەییان بە "گەمژانە" و "بێباکانە" ناو برد. ئەوان پێیان وایە کە ئەم جۆرە لێدوانانە سووکایەتیکردنە بە مێژوویەکی درێژی هونەری و پێگەی شالامەی وەک "کوڕە زێڕینەکەی سینەما" دەخەنە مەترسییەوە.


بەشێکی زۆر لە ڕەخنەگران جەختیان لەوە کردەوە، کە ئەم هەڵوێستەی شالامەی دەکرێت لە داهاتوودا باجێکی قورسی هەبێت بۆی، تا ئەو ڕادەیەی پێشبینی دەکەن نازناوی "کوڕە زێڕینەکە"ی لێ بسەنرێتەوە و جەماوەرەکەی لێی دوور بکەونەوە، چونکە هونەرە کلاسیکییەکان هێشتا وەک بناغەی هەموو داهێنانە مرۆییەکان سەیر دەکرێن.


سەرچاوە: ئاژانسە هەواڵییە جیهانییەکان


PM:09:29:14/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 32 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل