پێشبینییەکانی ئۆسکاری ٢٠٢٦ و گۆڕانکاری لە تەمەنی خانمە براوەکاندا
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
گۆڤاری "ڤێرایەتی" ئەمریکی پێشبینییە سەرەتاییەکانی خۆی بۆ خەڵاتەکانی ئۆسکاری ساڵی ٢٠٢٦ بڵاوکردەوە، کە تێیدا کێبڕکێیەکی توند لە نێوان چەندین بەرهەمی گەورەدا دەبینرێت. هاوکات لەگەڵ ئەم پێشبینییانە، توێژینەوەیەکی نوێی BBC ئاشکرای دەکات کە تێڕوانینی هۆڵیوود بۆ تەمەنی خانمە ئەکتەرەکان گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە و ئێستا چانسی بردنەوەی خەڵات بۆ خانمە بەتەمەنەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەپێی پێشبینییەکانی ڤێرایەتی، فیلمی "Sinners" دەبێتە ئەستێرەی درەوشاوەی ئۆسکاری ٢٠٢٦ و پێشبینی دەکرێت حەوت خەڵاتی سەرەکی بەرێت، لەوانە باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر و باشترین ئەکتەر. لە بەرامبەردا فیلمی "One Battle After Another" بە سێ خەڵاتی گرنگی وەک باشترین سینەماتۆگرافی و سکرینپلەی وەرگیراو کێبڕکێ دەکات. فیلمەکانی وەک "Frankenstein" و "Kpop Demon Hunters"یش لە بەشەکانی دیزاینی بەرهەمهێنان و ئانیمەیشندا چانسی بردنەوەیان زۆرە.
لە لایەکی ترەوە، توێژینەوەیەکی چاودێرە سینەماییەکانی BBC ئاماژە بەوە دەکات کە دەیە دوای دەیە، تێکڕای تەمەنی خانمە براوەکانی ئۆسکار هەڵکشانی بەخۆوە دیوە. ئەگەر لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا ئەو خانمانەی لە تەمەنی بیستەکاندابوون زیاتر ئۆسکاریان دەبرد، ئەوا لە ئێستادا و لە دەیەی دووەمی سەدەی ٢١، ئەو خانمانە وەکو براوە دەستنیشان دەکرێن کە لە چل، پەنجا و تەنانەت شەستەکانی تەمەنیاندان. ئەم گۆڕانکارییە بەهۆی زیادبوونی خانمە دەرهێنەرەکان و بایەخدانی زیاتری ئۆسکار بە پەیامە مرۆییەکانەوەیە.
بۆ خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەر، پێشبینی دەکرێت "جێسی بەکڵی" یەکێک بێت لە بەهێزترین کاندیدەکان و بۆ باشترین خانمە ئەکتەری پاڵپشتیش ناوی "ئەیمی مادیگن" دێت. ئەم ئاراستە نوێیەی سینەما دەریدەخات کە ئەزموون و توانای نواندن خەریکە دەبێتە پێوەری سەرەکی، نەک تەنها جوانی و گەنجێتی ڕووکەشی. هەروەها گرنگیدانی زیاتر بە دەنگدەرە نێودەوڵەتییەکان کاریگەری هەبووە لەسەر ئەم گۆڕانکارییە کولتوورییە.
ئەم ئەنجامانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئۆسکاری ٢٠٢٦ تەنها کێبڕکێی فیلمەکان نابێت، بەڵکو ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و هونەرییەکان دەبێت لە جیهانی سینەمادا. چاوەڕوان دەکرێت داهێنانە تەکنیکییەکان لە فیلمەکانی وەک "Avatar Fire and Ash" و "F1" ئاستێکی نوێ بە سینەما ببخشن.
سەرچاوە: گۆڤاری ڤێرایەتی و ئاژانسی بی بی سی.
PM:08:29:14/03/2026