‌مانگرتنی ١٠ هەزار نووسەر؛ کتێبێکی بێ ناوەڕۆک دژ بە ژیریی دەستکرد

وێستگە ستایل-

مانگرتنی ١٠ هەزار نووسەر؛ کتێبێکی بێ ناوەڕۆک دژ بە ژیریی دەستکرد


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


لە هەنگاوێکی کەم وێنە و ناوازەدا، نزیکەی ١٠ هەزار نووسەری نێودەوڵەتی کتێبێکیان بەبێ هیچ ناوەڕۆکێکی ئەدەبی بڵاوکردەوە. ئەم کارە وەک ناڕەزایەتییەک و هەڵمەتێکی بەرەنگاربوونەوەی فراوان دێت دژ بە گەشەسەندنی ژیریی دەستکرد (AI)، کە بە گوتەی نووسەران، ئەم تەکنەلۆجیایە بەرهەمە ئەدەبییەکانی لە ئاستی ناوەڕۆکدا بێ بایەخ کردووە و مافی نووسەرانی پێشێل کردووە.


ئەم کتێبە کە بە ناونیشانی تەنزئامێزی "Don’t Steal This Book" (ئەم کتێبە مەدزە) بڵاوکراوەتەوە، گوزارشتە لە هەوڵی دزینی زانیارییەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکردەوە. کتێبەکە تەنها لیستی ناوی ئەو نووسەرانە لەخۆدەگرێت کە بەشدارن لەم هەڵمەتەدا و لە ئاستی دەقدا هیچ بابەتێکی تێدا نییە. ئەم شێوازە لە بڵاوکردنەوە بە باشترین ڕێگەی بەرهەڵستیکردنی ژیریی دەستکرد دادەنرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە دزینی داتا و دەقەکان بگرێت.


لە نێو ئەو ناوانەی کە پشتیوانی ئەم هەڵمەتە نێودەوڵەتییە دەکەن، چەندین نووسەری ناودار و خاوەن خەڵات دەبینرێن، لەوانە کازوۆ ئیشیگورۆ، فیلیپا گریگۆری، ڕیچارد عوسمان و ئێد نیوتن ڕێکس. نووسەرە مانگرتووەکان جەخت دەکەنەوە کە ژیریی دەستکرد تەنها کۆپی دەقەکانی ئەوان دەکات و دایاندەڕێژێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ داهێنانێکی تێدا بێت، ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە لەسەر ئایندەی ئەدەبیاتی مرۆیی.


ئەم ڕووداوە وەک یەکێک لە دیارترین پێشهاتە ئەدەبییەکانی ئەمساڵ هەژمار دەکرێت و دەنگدانەوەیەکی زۆری لە میدیا جیهانییەکاندا دروست کردووە. نووسەران دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم کتێبە بەتاڵەوە بیسەلمێنن کە بەهای ڕاستەقینەی کتێب لەو داهێنان و هەستەدایە کە مرۆڤ تێیدا جێی دەهێڵێت، نەک لەو دەقانەی کە ئامێرەکان بەرهەمی دەهێنن.


سەرچاوە: ئاژانسە ئەدەبییە جیهانییەکان.



PM:08:28:14/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 76 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل