١٨ ساڵ بەسەر یەکێک لە بەهێزترین فیلمە ئەکشنەکانی مێژوودا تێدەپەڕێت؛ ئایا "Taken"ت بینیوە؟
وێستگە ستایل-
١٨ ساڵ بەسەر یەکێک لە بەهێزترین فیلمە ئەکشنەکانی مێژوودا تێدەپەڕێت؛ ئایا "Taken"ت بینیوە؟
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
سینەما دۆستان و ئارەزوومەندانی فیلمی توندوتیژی و ڕاوەدوونان، ئەمڕۆ یادی ١٨ ساڵەی پەخشکردنی یەکێک لەو فیلمانە دەکەنەوە کە تێڕوانینی جیهانی بۆ چەشنی فیلمی ئەکشن گۆڕی. فیلمی "Taken" کە لە ساڵی ٢٠٠٨دا بۆ یەکەمجار لەسەر پەردەی سینەماکان دەرکەوت، تەنها بەرهەمێکی بازرگانی نەبوو، بەڵکو بوو بە دیاردەیەکی کلتووری کە نەک هەر بوو بە جێگەی سەرنجی ملیۆنان بینەر، بەڵکو لیام نیسنی وەک ئەکتەرێکی سەرەکی و پۆڵاینی ئەکشن لە جیهاندا چەسپاند و ڕێڕەوی کارکردنی ئەو ئەکتەرەشی بۆ هەمیشە گۆڕی.
ئەم فیلمە کە لە دەرهێنانی پیێر مۆرێل و نووسین و بەرهەمهێنانی سینەماکاری ناودار لوک بێسۆنە، لە کاتێکدا بڵاوکرایەوە کە جیهانی سینەما تینووی جۆرە ئەکشنێکی جیاواز و ڕاستیگەرایانە بوو، دوور لە کاریگەرییە تەکنیکییە زۆرەکان. فیلمەکە توانی داهاتێکی خەیاڵی لە بۆکس ئۆفیس کۆبکاتەوە کە بڕەکەی ٢٢٦ ملیۆن دۆلار بوو، لە کاتێکدا بودجەکەی تەنها ٢٥ ملیۆن دۆلار بوو، ئەم سەرکەوتنە گەورەیەش بوو بە سەرەتایەک بۆ دروستبوونی زنجیرەیەکی سێ بەشی کە تا ئێستاش بینەری تایبەتی خۆیان هەیە و لە زۆربەی کەناڵە جیهانییەکان بەردەوام نمایش دەکرێنەوە.
یەکێک لە دیارترین خاڵەکانی ئەم فیلمە کە وایکرد لە بیرەوەری بینەراندا بمێنێتەوە، ئەو وتە بەناوبانگەی لیام نیسن بوو لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ ڕفێنەرانی کچەکەی، کاتێک بە دەنگێکی پڕ لە هەڕەشە دەڵێت: "من بەدوایدا دەگەڕێم، دەتدۆزمەوە و دەشتکوژم." ئەم ڕستەیە بوو بە ئایکۆنێکی جیهانی و تا ئێستاش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک یەکێک لە بەهێزترین دیالۆگەکانی مێژووی سینەما دەهێنرێتەوە. فیلمەکە توانی لیام نیسن لە ئەکتەرێکی درامییەوە بگۆڕێت بۆ کارەکتەرێکی توند، کە لە تەمەنی ٥٦ ساڵیدا هەمووانی سەرسام کرد بە تواناکانی لە ئەنجامدانی جوڵە سەختەکان و شەڕی دەستەویەخە، ئەمەش وایکرد فیلمەکە ببێتە نموونەیەک بۆ زۆرێک لەو فیلمانەی دوای ئەو بەرهەم هاتن.
چیرۆکی فیلمەکە بە شێوەیەکی سەرەکی باس لە برایان میڵز دەکات، کە ئەفسەرێکی پێشووی و خانەنشینکراوی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (CIA)یە. کاتێک کچە تاقانەکەی بۆ گەشتێک دەچێتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و لەوێ لەلایەن باندێکی مەترسیداری بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەڕفێنرێت، برایان تەنها ٩٦ کاتژمێری لەبەردەمدایە پێش ئەوەی کچەکەی بۆ هەمیشە ون ببێت و بخرێتە بازاڕی ڕەشی کڕین و فرۆشتنی مرۆڤەوە. ئەو بە تەنها و تەنها بە پشتبەستن بەو "کۆمەڵە لێهاتووییە تایبەتەی" کە لە ساڵانی خزمەتیدا پەیدای کردووە، دەچێتە ناو جەرگەی فەرەنسا و جەنگێکی وێرانکەر و بێبەزەییانە دژی باندەکان دەستپێدەکات بۆ ڕزگارکردنی کچەکەی.
ئێستا دوای تێپەڕبوونی ١٨ ساڵ بەسەر یەکەم نمایشی، "Taken" هێشتا وەک شاكارێکی ئەکشن دەمێنێتەوە و زۆرێک لە بینەران وەک یەکێک لەو فیلمانە دایدەنێن کە ناتوانرێت لەبیر بکرێت. ئایا تۆش لەو کەسانە بوویت کە لەگەڵ هەر لێدان و پلانێکی برایان میڵز بۆ دۆزینەوەی کچەکەی، هەستت بە جۆۆش و خرۆش دەکرد؟ یان هێشتا ئەم ئەزموونە ناوازەیەت تاقی نەکردۆتەوە؟ بێگومان ئەم یادە، دەرفەتێکی باشە بۆ دووبارە بینینەوەی ئەو قارەمانەی کە فێری کردین خۆشەویستی باوک بۆ کچەکەی، دەتوانێت گەورەترین باندە تاوانکارییەکانی جیهان هەڵبووەشێنێتەوە.
سەرچاوە: ماڵپەڕی بنکەدراوەی فیلمە جیهانییەکان (IMDb) و ئەرشیفی فیلمی هۆلیوود
PM:07:20:30/01/2026
ئهم بابهته 84
جار خوێنراوهتهوه