کۆبانی بە شانازییەوە پێشوازی لە "ئەمارا"یەکی نوێ دەکات: چیرۆکی وەفای باوکێک بۆ قارەمانێتیی کچە شەڕڤانێک
وێستگە ستایل-
کۆبانی بە شانازییەوە پێشوازی لە "ئەمارا"یەکی نوێ دەکات: چیرۆکی وەفای باوکێک بۆ قارەمانێتیی کچە شەڕڤانێک
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لە ناو جەرگەی بەرخودان و لە شاری کۆبانیی سیمبولی تێکۆشان، باوکێکی گەنج بڕیار دەدات ناوی کچە تازە لەدایکبووەکەی بکاتە هەوێنی بەردەوامیی یادەوەریی یەکێک لە بوێرترین کچە شەڕڤانەکانی کورد. ئەم ناونانە تەنها هەڵبژاردنی ناوێک نییە بۆ ناسنامەی منداڵێک، بەڵکو نوێکردنەوەی پەیمانی وەفادارییە بۆ ئەو خوێنەی کە لە پێناو پاراستنی خاک و کەرامەتی گەلی کورددا ڕژاوە.
ئەم هەنگاوەی باوکی ئەمارا لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژئاوا هەمیشە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ناونانی منداڵەکانیانەوە، ناوی شەهیدان و قارەمانانی شەڕی دژ بە تیرۆر لە بیرەوەری گشتیدا بە زیندوویی بهێڵنەوە. ئەم باوکە دەڵێت کە دەیەوێت کچەکەی بەو مێژووەوە گەورە بێت کە ژنە شەڕڤانان بە خوێنی خۆیان نووسیویانەتەوە، تاوەکو نەوەکانی داهاتوو بزانن ئازادیی ئەمڕۆیان بەرهەمی چ قوربانییەکی گەورەیە.
شەهید ئەمارا، ئەو ناوەی کە لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب بووە ئەفسانەی خۆڕاگری، بووەتە ئیلهامبەخشی ئەم خێزانە کۆبانییە. ئەو شەڕڤانە قارەمانە لە کاتی هێرشە دڕندانەکانی گروپەکانی سەر بە حوکمەتی ئەحمەد شەرع بۆ سەر گەڕەکەکە، لەسەر بینایەک لە شێخ مەقسوود تا دوا هەناسە و تا ئاستی شەهیدبوون بەرگرییەکی بێوێنەی کرد. دوای ئەوەی بە سەختی بریندار بوو و گەیشتە کاروانی شەهیدان، لەلایەن چەتە و چەکدارە توندڕەوەکانی سەر بە "جۆلانی"یەوە، بە شێوەیەکی دوور لە هەموو بەها مرۆییەکان تەرمەکەی لەسەر بیناکەوە فڕێدرایە خوارەوە، بەو خەیاڵەی کە دەتوانن شکۆیی ئەو بشکێنن، بەڵام ئەو دیمەنە بووە هەوێنی توڕەیی و بەردەوامیی خەبات بۆ هەموو کوردان.
شەهید ئەمارا و هاوسەنگەرەکانی بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە ڕێگەیان نەدا ئەو گەڕەکە بکەوێتە دەست توندڕەوەکان و بوونە قەڵغانێک بۆ پاراستنی هەزاران خێزانی کورد و پێکهاتەکانی دیکە، کە ئەمڕۆ ناوەکەیان لە کوچە و کۆڵانەکانی کوردستان دەنگ دەداتەوە.
ئەمڕۆ کە "ئەمارا"یەکی بچکۆلە لە کۆبانی چاو بە دنیا هەڵدێنێت، پەیامێکی ڕوون بۆ داگیرکەران و دوژمنانی مرۆییەت دەنێرێت: کە ئەگەر شەڕڤانێک شەهید بکەن، هەزاران منداڵ بەو ناوەوە لەدایک دەبن و ڕێگاکەیان ون ناکەن. ئەم منداڵە دەبێتە نەوەیەک کە چیرۆکی قارەمانێتی ئەو کچەی بۆ دەگێڕدرێتەوە کە لە شێخ مەقسوود نەک تەنها بۆ خاک، بەڵکو بۆ ناسنامەی ژنی ئازاد جەنگا. ژیان لە کۆبانی بەردەوامە و هەرگیز ڕێگە نادرێت مێژووی پڕ لە شانازی شەهیدان لەبیر بکرێت.
شەهیدان نوری چاو و وزەی بەردەوامی گیانمانن.
سەرچاوە :ئاژانسە هەواڵییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.
PM:12:29:13/01/2026
ئهم بابهته 424
جار خوێنراوهتهوه