‌کۆتایی ململانێیەکی یاسایی؛ پاراماونت لە دادگاش شکستی بە نووسەرەکەی "تۆپ گەن" هێنا

وێستگە ستایل-

کۆتایی ململانێیەکی یاسایی؛ پاراماونت لە دادگاش شکستی بە نووسەرەکەی "تۆپ گەن" هێنا


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


دادگەیەکی فیدراڵیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوایەکی یاسایی گەورەی دژی کۆمپانیای سینەمایی (Paramount) ڕەتکردەوە، کە تێیدا نووسەرێک بە ناوی شۆن گرەی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە مافی خاوەندارێتی لە سیناریۆی فیلمی پڕداهاتی (Top Gun: Maverick) هەیە.

جێد راکۆف، دادوەر لە دادگەی فیدراڵیی ئەمریکا، بڕیاریدا کە کۆمپانیای پاراماونت هیچ مافێکی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو نووسەرەی پێشێل نەکردووە، دادوەرەکە ڕوونیکردەوە ئەو دیمەنانەی شۆن گرەی نووسیونی، لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای کارەکتەر و چیرۆکە ڕەسەنەکەی فیلمی یەکەمی (Top Gun) بوون کە موڵکی ڕەهای کۆمپانیاکەیە و کەس ناتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت.

شۆن گرەی لە نیسانی ٢٠٢٥ داوایەکی یاسایی تۆمارکردبوو و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ١٥ دیمەنی سەرەکیی فیلمەکەی نووسیوە، لەوانە دیمەنی سەرەتای فیلمەکە کە تێیدا کارەکتەری ماڤریک (تۆم کرووز) تاقیکردنەوەی خێرایی دەکات، بەڵام دادوەر ڕایگەیاند کە کارەکەی گرەی بە "کاری وەرگیراو" دادەنرێت و ناتوانێت وەک کارێکی سەربەخۆ بانگەشەی خاوەندارێتییان بکات.

ئێستا شۆن گرەی خۆی ڕووبەڕووی دادگەییکردن دەبێتەوە، چونکە پاراماونت داوایەکی پێچەوانەی تۆمارکردووە و ئەو نووسەرە بە "فێڵکردن" تۆمەتبار دەکات، کۆمپانیاکە دەڵێت گرەی بە ئەنقەست بەشداریی خۆی بە نهێنی هێشتووەتەوە تاوەکو دواتر بتوانێت داوای پشک لە سەرکەوتنە داراییە گەورەکانی فیلمەکە بکات، کە یەکێک بوو لە پڕداهاتترین فیلمەکانی مێژوو.

ئەمە دووەم سەرکەوتنی یاسایی گەورەی پاراماونتە، پێشتریش دادگە داوایەکی دیکەی خێزانی نووسەری فیلمە ڕەسەنەکەی ساڵی ١٩٨٦ـی ڕەتکردبووەوە، گوتەبێژی کۆمپانیاکەش ڕایگەیاند کە ئەوان پارێزگاری لە مافە یاساییەکانی خۆیان دەکەن لە بەرامبەر هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە.


سەرچاوە: میدیا سینەمایییەکانی ئەمریکا


AM:02:58:12/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل