داهێنەری یەکێک لە بەناوبانگترین دیمەنەکانی مێژووی سینەما بۆچی لە یادکراوە؟
وێستگە ستایل-
داهێنەری یەکێک لە بەناوبانگترین دیمەنەکانی مێژووی سینەما بۆچی لە یادکراوە؟
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لە نێوان لاپەڕەکانی مێژووی ئەدەب و سینەمادا، ناوی "ئێدگار واڵاس" وەک نهێنییەکی گەورە و فەرامۆشکراو دەمێنێتەوە. ئەو پیاوەی جیهانی بە ئەفسانەی "کینگ کۆنگ" ئاشنا کرد و لە سەردەمی خۆیدا خوێنراوترین نووسەری بەرهەمە خەیاڵییەکان بوو، کەچی لە ئێستادا بە دەگمەن ناوی لە ناوەندە گشتییەکاندا دەبیسترێت. لە کاتێکدا نووسەرانی وەک ئارسەر کۆنان دۆیڵ و ئاگاسا کریستی بوونەتە ئایکۆنی ئەدەبی جیهانی، واڵاس لە سێبەری ناوبانگی ئەواندا ماوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی خاوەنی توانایەکی ئەدەبی و داهێنەرانەی بێوێنە بووە.
ئێدگار واڵاس تەنها نووسەرێکی ئاسایی نەبووە، بەڵکو مرۆڤێکی فرە بەهرە و خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندی ژیان بووە. ئەو لە ژیانیدا وەک فرۆشیاری ڕۆژنامە، هەواڵساز، هاوکاری تەندروستی، شاعیر، ڕۆژنامەنووسی جەنگ، و تەنانەت کاندیدی پەرلەمان و سیناریستی هۆڵیوودیش کاری کردووە. گەورەترین و دیارترین شوێنپەنجەی ئەو لە مێژووی ستۆدیۆکانی ئەمریکادا، خوڵقاندنی دیمەنی گەیشتنی "ئان دارۆ" و گۆرێلا زەبەلاحەکەیە لە فیلمی "کینگ کۆنگ"، کە تا ئێستاش یەکێکە لە کاریگەرترین و ناسراوترین دیمەنە سینەماییەکانی جیهان.
ئامارەکانی بەرهەمهێنانی ئەم نووسەرە سەر سوڕهێنەرن؛ ئەو لە ماوەی ژیانی پیشەیی خۆیدا ١٧٥ ڕۆمانی نووسیوە، کە ئەمە دوو هێندەی بەرهەمی ئەو نووسەرە ناودارانەیە کە لەم سەردەمەدا زۆرترین ناوبانگیان هەیە. جگە لەوەش، ٢٤ شانۆنامە و دەیان وتاری لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوە. کاریگەرییەکانی واڵاس تەنها لەسەر کاغەز نەماونەتەوە، بەڵکو زیاتر لە ١٦٠ فیلمی سینەمایی لەسەر بنەمای چیرۆک و گێڕانەوە ئەدەبییەکانی ئەو بەرهەمهێنراون، کە ئەمەش ڕێژەیەکی ئێجگار بەرزە بۆ هەر نووسەرێک لە مێژوودا.
بەپێی ئامارەکانی فرۆشتن لە ئەمریکا و ئاستی جیهان، کتێبەکانی واڵاس تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دانەیان لێ فرۆشراوە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بگاتە ئەو پێگەیەی کە نووسەرانی دیکە پێی گەیشتوون. دونچان کامبێڵ، لێکۆڵەری بەریتانی، هۆکاری ئەمە بۆ پاشخانە کۆمەڵایەتییەکەی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "واڵاس لە خێزانێکی رەنجدەر و کرێکار هاتووە و خاوەنی پاشخانێکی کولتووریی دەوڵەمەند نەبووە"، پێدەچێت ئەمەش هۆکار بێت بۆ ئەوەی دامەزراوە ئەدەبییەکان وەک پێویست شکۆی وەک نووسەرێکی پڕبەرهەم نەپارێزن.
ڕیکارد هۆراتیۆ ئێدگار واڵاس، کە لە یەکی نیسانی ١٨٧٥ لەدایکبووە، لە ماوەی ٥٦ ساڵ تەمەنیدا کاریگەرییەکی قوڵی لەسەر ناوەندە جیاوازەکانی بەریتانیا و جیهان دروستکرد. وێڕای ئەوەی بیرۆکەکانی لە هەموو شوێنێک دەبینرێن، بەڵام ئەمڕۆ ئەو وەک نووسەرێکی "کەمبیستراو" تەنها لەلایەن دەستەبژێرە سینەمایی و ئەدەبییەکانەوە ستایش دەکرێت و بە یەکێک لە قوربانییەکانی مێژووی ناوبانگ دادەنرێت.
ئامارە جیهانییەکان و ئەرشیفی سینەمای ئەمریکا.
PM:11:58:01/04/2026
ئهم بابهته 204
جار خوێنراوهتهوه