زیندەکردنەوەی یەکەمین فیلمی کارتۆنی جیهان بە یارمەتی ژیری دەستکرد
وێستگە ستایل-
زیندەکردنەوەی یەکەمین فیلمی کارتۆنی جیهان بە یارمەتی ژیری دەستکرد
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
مۆزەخانەی وێنەی جووڵاو لە ئەمریکا پرۆژەیەکی گەورەی بۆ نۆژەنکردنەوەی یەکەمین فیلمی ئەنیمەیشنی درێژ لە مێژوودا دەستپێکردووە کە ناوی "ئەل ئەپۆستۆڵ"ە و لە ساڵی ١٩١٧ بەرهەمهێنراوە. هەموو کۆپییەکانی ئەم فیلمە ئەەرژەنتینییە لە ئاگرکەوتنەوەیەکی ساڵی ١٩٢٦دا سووتان، بەڵام ئێستا بە یارمەتی ژیری دەستکرد (AI) خەریکە زیندوو دەکرێتەوە.
لەبەر ئەوەی هیچ گرتەیەکی فیلمەکە نەماوە، ژیری دەستکردەکە لەسەر بنەمای نووسینی ڕەخنەگرانی ئەو سەردەمە، وێنە فۆتۆگرافییەکان و تێبینییەکانی دەرهێنەرەکە (کویرینۆ کریستیانی) ڕاهێنراوە. سیستەمەکە دەتوانێت بەپێی ئەو وەسفانەی لە ڕۆژنامە کۆنەکاندا هاتوون، دیمەنەکان و جووڵەی کارەکتەرەکان دروست بکاتەوە تاوەکو شێوازە ڕەسەنەکەی فیلمەکە بگەڕێتەوە.
ئەم فیلمە چیرۆکێکی تەنزئامێز بوو دەربارەی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەەرژەنتین کە تێیدا وەک سوپەرهیرۆیەکی دەستەپاچە نیشان دەدرا. فیلمەکە ٧٠ خولەک بوو و تێیدا ٥٨ هەزار وێنەی دەستی بەکارهێنرابوو، ئەمەش ٢٠ ساڵ پێش ئەوە بوو کە دیزنی یەکەم فیلمی درێژی خۆی بەرهەم بهێنێت، بۆیە وەک شاکارێکی مێژوویی ونبوو دادەنرێت.
هەرچەندە هەندێک لە مێژوونووسان دەڵێن ئەمە فیلمە ڕەسەنەکە نییە و تەنها "تەقڵیدێکی دیجیتاڵییە"، بەڵام زۆرێک لە پسپۆڕان پێیان وایە ئەمە جۆرێکە لە "شوێنەوارناسی دیجیتاڵی" کە ڕێگە دەدات نەوەکانی ئێستا بزانن داهێنەرانی پێشوو چۆن بیریان کردووەتەوە و چۆن هونەری ئەنیمەیشنیان دامەزراندووە.
بڕیارە ئەم فیلمە نۆژەنکراوەیە لە مەراسیمێکی گەورەدا بە میوزیکی ڕاستەوخۆ نمایش بکرێت. ئەم سەرکەوتنە دەرگای ئەوە دەکاتەوە کە زۆرێک لە فیلمە سووتاوەکان و ونبووەکانی تری مێژووی سینەما، کە تەنها ناو و چەند وێنەیەکیان ماوە، جارێکی تر بگەڕێندرێنەوە سەر شاشەکان.
سەرچاوە: مۆزەخانەی وێنەی جووڵاو لە نیویۆرک، ئەرشیفی نیشتمانی فیلمی ئەەرژەنتین.
PM:10:40:06/03/2026
ئهم بابهته 188
جار خوێنراوهتهوه