‌ماریا هەورامی : هونەرمەندێک خاوەن عایلە بێت ، پێویستی بە دەرخستنی جەستە نییە

وێستگە ستایل-


ماریا هەورامی : هونەرمەندێک خاوەن عایلە بێت ، پێویستی بە دەرخستنی جەستە نییە 

وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان 

خانمی گۆرانیبێژ ماریا هەورامی لە پەیامێكی توند و ڕووندا داوای لە كۆمەڵگا كردووە كە هونەرمەندان بە یەك چاو تەماشا نەكرێن و باش و خراپ لە یەكتر جیابكرێنەوە، وە هۆشداری داوە لەوەی كە هەموو ئەوانەی ناوی هونەرمەند لەسەر خۆیان دادەنێن، نابێت لە یەك ئاستدا هەژمار بكرێن.


ماریا هەورامی لە پەیامەكەیدا نوسیویەتی:

گوناهە ئەو هونەرمەندەی كە سەدان دەرفەتی ڕەتكردۆتەوە، تەنها بۆ پاراستنی ناو، ناوبانگ، شەخسیەت و كەرامەتی خۆی، بەڵام كۆمەڵگا ناتوانێت جیاوازی بكات لە نێوان ئەو هونەرمەندە و ئەوانەی كە خۆیان دەفرۆشن و تەنها بۆ تێركردنی چاو ئیش دەكن.


ئەم گۆرانیبێژە باس لە ئەزموونی خۆی دەكات و دەڵێت:

باش دەزانم گۆرانیوتن و هونەر ڕێگایەكی خێرا نییە بۆ دەستكەوتنی سامان و ماڵ و موڵك، وەك بزنسێكی خەیاڵی. لە سەرەتای هونەرمەوە، تەنها پارەم لە هونەرەكەمدا خەرجكردووە، بۆیە زۆرجار هەستم بە ماندووبوون و كەمبوونی وزە كردووە بۆ بەردەوامبوون.


لە بەشێكی تر لە پەیامەكەیدا، ماریا هەورامی جیاوازی نێوان هونەر بۆ گوێ و هونەر بۆ چاو ڕوون دەكاتەوە و دەڵێت:

گۆرانیوتن بۆ گوێ زۆر جیاوازە لە گۆرانیوتن بۆ چاو. گۆرانییەك كە بە دڵ بڵێنرێت، جیاوازە لەوەی كە تەنها بۆ پارە بێت. هونەرمەندێك كە بە ڕۆح ئیش دەكات و خاوەنی كەرامەت و عایلەیە، پێویستی بە خۆنماشیکردن نییە، پێویستی بە دەرخستنی جەستە نییە، و پێویستی بە تێركردنی چاوی خەڵك نییە.


پەیامەكەی ماریا هەورامی لە كاتێكدا بڵاودەبێتەوە كە گفتوگۆ لەسەر سنووری هونەر، كەرامەت و بازاڕكردن لە هونەر، زیاتر لە هەر كاتێك گرنگ بووە و وا دەردەکەوێت كە بابەتی ڕۆڵی هونەرمەند و بەرپرسیاری كۆمەڵگا هێشتا پێویستی بە وتووێژێكی قووڵتر هەیە

سەرچاوە / پەڕەی فەرمی هونەرمەند 



AM:11:47:19/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 512 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل