‌لیۆ تۆڵستۆی؛ ئەو بیرمەندەی لە ڕێگەی ئەدەبەوە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند و بووە ڕێبەری فیکری جیهان

وێستگە ستایل-

لیۆ تۆڵستۆی؛ ئەو بیرمەندەی لە ڕێگەی ئەدەبەوە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند و بووە ڕێبەری فیکری جیهان
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لیۆ تۆڵستۆی، نووسەر و فەیلەسوفی ناوداری ڕووسی، تا ئێستاش وەک یەکێک لە پایە هەرە بەرزەکانی ئەدەبیاتی جیهانی دەناسرێت کە تەنها بە چیرۆکنووس نەمایەوە، بەڵکو بووە قوتابخانەیەکی فیکری بۆ ئاشتی و مرۆڤدۆستی. تێپەڕبوونی ساڵان نەک هەر بایەخی بەرهەمەکانی کەم نەکردووەتەوە، بەڵکو لە سەدەی بیست و یەکدا خوێنەران زیاتر پەنا بۆ شاکارەکانی دەبەن بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی جەنگ و واتای ڕاستەقینەی ژیان.
تۆڵستۆی لە ڕێگەی ڕۆمانە بێوێنەکانییەوە، بەتایبەت "شەڕ و ئاشتی" کە بە یەکێک لە مەزنترین کارە ئەدەبییەکانی مێژوو دادەنرێت، توانیویەتی وێنەیەکی ورد و فەلسەفی لە ژیانی مرۆڤ بکێشێت. ئەم بیرمەندە تەنها باس لە مێژووی ڕووسیا ناکات، بەڵکو باس لەو ململانێیە ناوەکییەی مرۆڤ دەکات کە لە نێوان حەز و ڕەوشتدا هەیە، ئەمەش وای کردووە کتێبەکانی بۆ هەموو سەردەم و شوێنێک گونجاو بن و وەک ئاوێنەیەک بن بۆ ناخی مرۆڤایەتی.
لە وردەکارییەکانی تەمەنیدا، تۆڵستۆی لە دوای ساڵی ١٨٨٠ تووشی قەیرانێکی ڕەوشتی و ئایینی بوو کە وای لێکرد هەموو سامان و نازناوەکانی جێبهێڵێت و ڕوو لە ژیانێکی سادەی وەک جوتیاران بکات. ئەو بووە دا داکۆکیکارێکی سەرسەختی "بەرگریی ناتوندوتیژی"، کە دواتر کاریگەرییەکی قوڵیی لەسەر کەسایەتییەکانی وەک مەهاتما گاندی و مارتن لۆسەر کینگ دروست کرد. نووسینەکانی لەو قۆناغەدا زیاتر ڕەهەندی ئایینی و فەلسەفییان وەرگرت و ڕەخنەی توندی لە دەسەڵات و کەنیسە دەگرت.
ئەم نووسەرە مەزنە لە ساڵی ١٨٢٨ لە خێزانێکی دەوڵەمەند و خانەدان لەدایکبووە، بەڵام هەمیشە هەستی بە نادادی کۆمەڵایەتی کردووە. لە جەنگی کریمیا وەک ئەفسەر بەشدار بووە، کە ئەوەش سەرچاوەی ئیلهامی بووە بۆ نووسینی وردەکارییەکانی جەنگ بەو شێوە ڕاستگۆیانەیە. شاکارەکانی وەک "ئانا کارینینا" و "مەەرگی ئیڤان ئیلیچ" وەک نموونەی باڵای ڕیالیزم لە ئەدەبدا دەناسرێن و تا ئێستاش لە زانکۆ گەورەکانی جیهان وەک وانەی سەرەکی دەخوێندرێن.
لیۆ تۆڵستۆی بە جێهێشتنی میراتێکی مەزنی وەک ١٣ ڕۆمان و دەیان چیرۆک و وتار، سەلماندی کە ئەدیب دەتوانێت ببێتە ویژدانی گەلەکەی و جیهان. ئەو وەک هێمایەکی هەمیشەیی بۆ گەڕان بەدوای ڕاستیدا دەمێنێتەوە و ناوەکەی هەمیشە بە نەمری لە مێژووی ئەدەب و فیکردا دەدرەوشێتەوە.
سەرچاوە: ئینسایکلۆپیدیای بریتانیکا (Britannica)


PM:08:39:03/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل