‌کریس ئیڤانس بە سوپرایزێکی گەورەوە دەگەڕێتەوە؛ یەکەم ترەیلەری Avengers: Doomsday بە فەرمی بڵاوکرایەوە

وێستگە ستایل-

کریس ئیڤانس بە سوپرایزێکی گەورەوە دەگەڕێتەوە؛ یەکەم ترەیلەری Avengers: Doomsday بە فەرمی بڵاوکرایەوە

وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان

ستۆدیۆکانی مارڤێڵ لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا جیهانی سینەمای هەژاند و بە فەرمی یەکەمین ترەیلەری فیلمی (Avengers: Doomsday)ی بڵاوکردەوە. ئەم ترەیلەرە کە هەوادارانی بۆ ماوەیەکی درێژ و بە پەرۆشییەوە چاوەڕێی بوون، گەڕانەوەی یەکێک لە خۆشەویستترین و کاریگەرترین کارەکتەرەکانی مێژووی مارڤێڵ، کریس ئیڤانس لە رۆڵی ستیڤ رۆجەرز (کاپتن ئەمریکا) پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە شێوازێکی تەواو جیاواز و نوێ کە تێیدا وەک باوکی منداڵێکی ساوا دەردەکەوێت و رەهەندێکی نوێ بە چیرۆکەکە دەبەخشێت.
ترەیلەرە نوێیەکە هاوکات لەگەڵ دەسپێکی نمایشکردنی فیلمی (Avatar: Fire and Ash) لە هۆڵەکانی سینەما پەخشکرا، کە تێیدا ستیڤ رۆجەرز لە ژینگەیەکی ئارام و لە کێڵگەیەکی دوورەدەست و بێدەنگ نیشان دەدات. دیمەنەکە بەوە دەستپێدەکات کە ستیڤ لەسەر ماتۆڕسکیلە کلاسیکەکەی دادەبەزێت و بەرەو ماڵەکەی دەڕوات، و لە دیمەنێکی کاریگەر و پڕ لە هەستدا، کاپتن ئەمریکا کڵاوە شینە ناسراوەکەی لە تەنیشتە و منداڵێکی تازە لەدایکبووی لە باوەشدایە. ئەم دیمەنە یەکسەر هەستیارترین کاردانەوەی لای هەواداران دروستکردووە و بووەتە جێی باس و خواستی سەرەکی سۆشیاڵ میدیا و ناوەندە هونەرییەکان.
ئەم ترەیلەرە تەنیا نمایشێکی سادە نەبوو، بەڵکو کۆتایی بە هەموو ئەو دەنگۆ و گومانانە هێنا کە بۆ ماوەی چەند ساڵێک دەیانگوت کریس ئیڤانس چیدی ئەو رۆڵە ناگێڕێتەوە و پەیوەندی بە مارڤێڵەوە نەماوە. جۆ و ئەنتۆنی روسۆ، کە دەرهێنەری ئەم پڕۆژە زەبەلاحەن و پێشتریش مێژوویەکی پڕ لە سەرکەوتنیان لەگەڵ مارڤێڵ لە فیلمەکانی ئینفینیتی وار و ئێندگەیم تۆمارکردووە، لە هەژماری فەرمی خۆیان لە ئینستاگرام دڵخۆشی خۆیان بۆ ئەم گەڕانەوەیە دەربڕی و نووسیویانە: "ئەو کارەکتەرەی ژیانمانی گۆڕی و ئەو چیرۆکەی هەموومان لێرە کۆدەکاتەوە.. بەردەوام بڕیار وابوو بگەڕێینەوە بۆ ئەم خاڵە". ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە پلانی گەڕانەوەی ستیڤ رۆجەرز لە مێژە و بە وردی داڕێژراوە.
دواین جار کە بینەران ستیڤ رۆجەرزیان تێدا بینی، فیلمی (Avengers: Endgame) بوو لە ساڵی 2019، کاتێک دوای جەنگە گەورەکە و شکستپێهێنانی ثانۆس، قەڵخانە ناسراوەکەی رادەستی سام ویڵسن کرد و بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ رابردوو تا ئەو ژیانە ئارامە بژیت کە هەمیشە خەونی پێوە دەبینی لەگەڵ پیگی کارتەر. ئێستا گەڕانەوەی ئەو لە (Avengers: Doomsday) کۆمەڵێک پرسیاری ئاڵۆزی لای بینەران دروستکردووە؛ ئایا ئەمە هەمان ئەو ستیڤەیە کە گەڕایەوە بۆ رابردوو و تەمەنی تێپەڕاندووە، یان وەشانێکی دیکەیە لە جیهانی فرەڕەهەند (Multiverse)؟ هەروەها هەواداران بە پەرۆشن بزانن ئایا ئەو منداڵەی لە باوەشیدایە هەمان هێزی نائاسایی باوکی بۆ ماوەتەوە و دەبێتە نەوەیەکی نوێی پاڵەوانەکان؟
بڕیارە فیلمی (Avengers: Doomsday) لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2026 لە سینەماکانی جیهان نمایش بکرێت و وەک گەورەترین پڕۆژەی سینەمایی ساڵانی داهاتوو دەبینرێت. ئەم فیلمە تەنیا بە گەڕانەوەی کریس ئیڤانس ناوەستێت، بەڵکو گەڕانەوەی مێژوویی رۆبێرت داونی جونیۆر-یش لەخۆدەگرێت، بەڵام ئەمجارەیان وەک "ئایرۆن مان" نا، بەڵکو لە رۆڵی کارەکتەری خراپەکاری سەرەکی "دکتۆر دووم". جگە لەمانە، لیستێکی درێژ لە ئەستێرەکانی وەک کریس هێمسوۆرس، تۆم هیدڵستن، و پێدرۆ پاسکال بەشدارن، لەگەڵ گەڕانەوەی کارەکتەرە ئەفسانەییەکانی جیهانی (X-Men) وەک پاتریک ستیوارت و ئیان مەککێلین، کە پێکەوە مژدەی فیلمێکی بێ وێنە بە هەوادارانی مارڤێڵ دەدەن.
سەرچاوە: پێگەی فەرمی مارڤێڵ و ئینستاگرامی برایانی روسۆ


PM:04:03:25/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل