‌لە پاش 14 ساڵ جارێکی دیکە ئەصاڵە کۆنسێرت لە سوریا ئەنجامدەدات

وێستگە ستایل-

هونەرمەند و گۆرانیبێژی بەناوبانگی سوری ئەصاڵە نەسڕی لە پاش 14 ساڵ لە دوورکەوتنەوەی لە وڵاتەکەی خۆی، ئەو خانمە گۆرانیبێژە جارێکی دیکە خۆی بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرت لە سوریا ئامادەدەکات.


ئەصاڵە یەکێکە لە خانمە گۆرانیبێژە دیارەکانی نێو جیهانی عەرەبی، لە پاش ئەوەی سوریا ڕووبەڕووی قەیران بۆوە لە ساڵی 2011 دا، ئەم ئەستێرەیە دژی سیاسەتی ڕژێمی ئەو کاتەی بەشار ئەسەد وەستا و بەو هۆیەوە وڵاتەکەی خۆی بەجێهێشت و ماوەی 14 ساڵە لە گۆڕەپانی هونەری سوریا دوورکەوتۆتەوە.

تاوەکو ئێستا ڕوونکردنەوە سەبارەت بە کۆنسێرتی ئەم خانمە گۆرانیبێژە بە شێوەیەکی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە بەڵام سەندیکای هونەرمەندانی سوریا لەڕێگەی پەڕەی فەرمی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئاماژەیان بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ سەردانەکەی ئەصاڵە بۆ سوریا بەم نزیکانە.

لە هەمان بڵاوکراوەدا وێنەی ئەنەس نەسڕی برای ئەو خانمە گۆرانیبێژە لەگەڵ دەستەی سەندیکای هونەرمەندانی سوریا دانراوە لە میانەی کۆبوونەوەکەیاندا بە مەبەستی ڕێککەوتن بۆ سەردانەکەی  ئەصاڵە.



جێگەی ئاماژەیە تاوەکو ئێستا ئەو ئەستێرەیە هیچ پەیامێکی فەرمی بڵاونەکردۆتەوە سەبارەت بە کۆنسێرتەکەی، بەڵام لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە کاتی تەواوبوونی فێستیڤاڵی جەرش لە ئەردەن بەڕێوەچوو ئەو خانمە ڕایگەیاند ئەگەر هەیە لە کۆتایی مانگی ئابدا سەردانی سوریا بکات.


PM:12:43:07/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌