پەیامی ماڵئاوایی هونەرمەندان بۆ کۆچی دوایی خانمە هونەرمەند نەرمین قادر
وێستگە ستایل-
پاش ئەوەی ئێوارەی دوێنێ 5 ی ئابی 2025 خانمە هونەرمەند و شانۆکاری کورد نەرمین قادر ناسراو بە "نەرمینی بەرنامەی بەرنامە" لە پاش ململانێی سەخت لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە لە تەمەنی 63 ساڵیدا ماڵئاوایی لە خێزان و هەوادارەکانی کرد، هونەرمەندانی هاوڕێی ئەو خانمە شانۆکارە پەیامی ماڵئاوایی بۆ دەنێرن.
نەرمین قادر یونس لە ساڵی 1962 لە شاری سلێمانی چاوی بە دونیا هەڵهێناوە و ئەم خانمە هونەرمەندە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1975 چۆتە سەر تەختی شانۆ و بۆ ماوەی 13 ساڵ بەردەوام بووە لە پێشکەشکردنی کاری شانۆیی وەکو ئەکتەرێکی شانۆکار و لە ماوەی ژیانیدا زیاتر لە 3 دەیە خزمەتی بە هونەری کوردی کردووە، لە پاش کاری شانۆیی لە "بەرنامەی بەرنامە" لەگەڵ چەندین هونەرمەندی دیاری دیکەدا کاری کردووە و ناوبانگێکی زۆری پێ پەیداکردووە.
نەرمین خان خاوەنی کچێک و کوڕێکە بە ناوەکانی لۆلان و هەنگاو، بەم دواییانە لۆلان ئازاد کچی ئەو خانمە هونەمەندە ڕایگەیاند دایکی دووچاری نەخۆشی شێرپەنجە هاتووە و گرێی شێرپەنجەی لە سەریدایە و دوو جار نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام گرێکە بە جگەریدا بڵاوبۆتەوە و بۆتە هۆکاری مەرگی ئەم خانمە هونەرمەندە، پاش ئەوەی دوێنێ 5 ی ئاب لە تەمەنی 63 ساڵیدا بۆ دواجار ماڵئاوایی لە خێزان و خۆشەویستەکانی کرد، ئەمڕۆ تەرمەکەی لە گۆڕستانی ئەڵڵایی بە خاک سپێردرا.
بۆ کۆچی دوایی ئەکتەری بەناوبانگی کورد نەرمین قادر، هونەرمەندانی هاوڕێی پەیامی ماڵئاوایی بۆ دەنێرن:
- هونەرمەند ئەحمەد جۆڵا: کەس ناتوانێت شوێنی نەرمین خان بگرێتەوە.
- هونەرمەند گەزیزە عومەر: بەهەشتی بەرین جێگەت بێت، ئەم ژیانە بۆ تۆ پڕ لە نەهامەتی بوو.
- هونەرمەند قادر جەلال: نەرمین خان جێدەستی دیارە و کۆچی دوایی ئەو خەسارەتێکی گەورەیە.
- هونەرمەند فەرەیدون حەمە ساڵح: بەداخەوە بۆ کۆچی دوایی خاتوو نەرمین، خوا سەبووری گشت لایەک بدات.
PM:12:15:06/08/2025
ئهم بابهته 2080
جار خوێنراوهتهوه