دڵ یان مێشـک؟
وێستگە ستایل-
ئەگەر تەمـاشای ناو هەر کۆمپیوتەرێک و مۆبایلێکی زیرەک بکەین دەبینین چیپێک یان پڕۆسێسەرێکی سێنتڕاڵی تێدایە کە بە CPU ناسراوە و ئەوە تاوتوێکەری هەموو کارەکان و هەموو داتا و زانیاریەکانی نێو کۆمپیوتەرەکە یان مۆبایلەکەیە و بە گرنگترین بەشی نێو کۆمپیوتەرەکان و مۆبایلەکان دادەنرێت پارچەکانی تر یارمەتیدەر و تەواوکەر و قاوغن.
لە نێو لەشی هەموو شیردەرەکان و باڵندەکان و هەروەها هەموو بڕبڕەدارەکانی تریش مێشک هەیە کە دەتوانرێت ئەویش بە پڕۆسێسەرێکی بایۆلۆجی سێنتڕاڵی دابنرێت لەناو یەکەکانی ئەو جۆرە ژیانانە و بە کۆنتڕۆڵ و ڕێکخەری هەموو کار و زیندەچالاکیە سەرەکیەکانی ئەو یەکانەی ژیان دابنرێت، بە پێی مێژووی بەبەردبووەکان کە مێژووی پەرەسەندنی ژیانمان نیشان دەدات لە نێو پڕۆسەی ژیان لەسەر زەوی بۆ یەکەمجار مێشک لە سەردەمی Cambrian کامبریان بەر لە نزیکەی 520 ملیۆن ساڵ لە ڕێگەی پەرەسەندنەوە دروست بووە لە هەندێک لە جۆرە کرمەکانی ناو ئاو، گەشەسەندن و دروستبوونی مێشک بە دروستبوون و گەشەسەندنی سیستەمی دەمار دەستی پێکردوە و وردە وردە بەشێکی سیستەمی دەمار زیاتر گەشەی کردوە و بووە بە مێشک لەو زیندەوەرانە لە ماوەی ملیۆنەها ساڵ.
مرۆڤی کۆن و شارستانیەتیە کۆنەکان نەیانزانیوە مێشک چیە و نەیانزانیوە کە مێشک لە مرۆڤدا گرنگترین ئۆرگانە و کۆنتڕۆڵی هەموو بیرکردنەوەکان و هەستەکانی مرۆڤ لەوێیە، بۆیە لەلای ئەوان دڵ گرنگترین ئۆرگان بووە لە ناو لەشی مرۆڤ چونکە ئەو ئەندامە بەردەوام لە ترپە و لە جوڵە و لە لێداندا بووە لەنێو سینگیاندا، ئەوان نەیانزانیوە دڵ تەنیا ترومپایەکە خوێن و ئۆکسجین دەنێرێت بۆ هەموو لەش بە مێشکیشەوە بۆ ئەوەی هەموو خانەیەکی زیندوی لەش وزە و ئۆکسجینی بۆ بچێت و بەمەش مرۆڤەکە لە ژیاندا بمێنێتەوە.
لە هیچ یەکێک لە دەقە کۆنەکانی نێو هیچ ئایینێک یان هیچ یەکێک لە شارستانیەتەکان باسی مێشک و بوونی مێشک نەکراوە، یەکەم کەس کە گووتی مێشک کە لەنێو کەلەسەری مرۆڤە گرنگترین ئەندامە فەیلەسوف و پزیشکی یۆنانی ئەلکامیۆن Alcmaeon بوو کە لەنێوان سەدەی شەشەم و پێنجەمی پێش زایین لە ژیاندا بووە، بەڵام ئەو فەیلەسوفە ئەو پەیامەی لێ وەرنەگیرا، ئەو بۆچوون و ئەو قسەیەی کە باو بوو و کە دەووترا دڵ گرنگترین ئەندامە و هەموو هەستەکانی مرۆڤ لەوێ سەرهەڵدەدات و لەوێیە مایەوە لەنێو هەموو شارستانیەتەکان و لەلای هەموو مرۆڤەکان تاوەکو دوای سەردەمی هەستانەوە لە ئەوڕوپا و بە وردی لەسەرەتای سەدەی هەژدەهەمی زایینی لەگەڵ سەرهەڵدان و دروستبوونی زانستی پزیشکی نوێ.
ن: لوقمـان حـەوێز
PM:05:42:09/02/2025
ئهم بابهته 556
جار خوێنراوهتهوه