‌چیرۆكی ئه‌و دۆلفینه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك خێزانی برسی تێركرد

وێستگە ستایل-

پێش ده‌ستپێكی جه‌نگ ماسیگره‌كانی كه‌رتی غه‌ززه‌ به‌وه‌ ڕاهاتبوون ئه‌و دۆلفینانه‌ی‌ له‌كاتی ڕاوكردنیان ده‌كه‌وتنه‌ ناو تۆڕه‌ كانیان فڕێیان داونه‌ته‌وه‌ ناو ئاوی ده‌ریا.

به‌ڵام دۆخی برسێتی و جه‌نگی ئیسرایل كه‌ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ 15 مانگی خایاند وایكرد ئه‌م ماسیگرانه‌ گۆشتی دۆلفین ڕاوبكه‌ن و بیكه‌ن به‌ ژه‌مێك هه‌تا برسیه‌كانی كه‌رتی غه‌ززه‌ تێربكات.

به‌هۆی برسێتیه‌وه‌ دانیشتوانی ئه‌م كه‌رته‌ ناچار بوون گۆشتی ئه‌و دۆلفینه‌ بخۆن كه‌ ئاوی ده‌ریا به‌ره‌و كه‌نار ئاوه‌كان ڕایماڵیوه‌ هه‌تا كۆتایی به‌ برسێتی خۆیان بهێنن.

له‌نێوان چالاكوانه‌كانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وێنه‌ی‌ ئه‌و ڕاوچیه‌ فه‌ڵه‌ستینیه‌ بڵاوبۆته‌وه‌ كه‌ جۆرێك دۆلفینی به‌ ده‌ستیه‌وه‌ گرتوه‌ و بۆته‌ ژه‌مێك خواردنی ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی ناوچه‌كه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ڕێكخراوه‌ ناوخۆی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگێكه‌ له‌باره‌ی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ برسێتی له‌ناو دانیشتوانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ ئاگای ده‌ده‌ن.

ژماره‌ی‌ ئه‌و دۆلفینانه‌ی‌ له‌ ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست هه‌یه‌ زیاتر له‌ 150 هه‌زار دۆلفینه‌، پێشتر زۆر به‌ ده‌گمه‌ن ئه‌م دۆلفینانه‌ له‌ نزیك كه‌رتی غه‌ززه‌ و ئیسرائیل بینراون، ناو به‌ناو دۆلفینه‌ لاواز و نه‌خۆشه‌كان به‌هۆی هێزی ئاوه‌كه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ نزیك كه‌نار ئاوه‌كان.


PM:03:15:13/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌