‌به‌م نیشانانه‌دا بزانه‌ تووشی تۆقین بویت دڵت کێشەی نییە

وێستگە ستایل-

ڕۆژانە چەندین کەس سەردانی پزیشکانی دڵ و سنگ و هەناوی دەکەن بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لەوەی کە نەخۆشی دڵیان نییە، چونکە ئەوان توشی حالەتێکی تووند دەبن کە تیایدا چەندین نیشانە بە یەکەوە و لەناکاو روویان تێدەکات و کەسەکە دەترسێت توشی جەلدەی دڵ بوبێت، دكتۆر جەعفەر پزیشکی نەخۆشییە دەرونییەکان له‌م بابه‌ته‌دا ورده‌كاری زیاتر باسده‌كات.

نیشانەکانیش زیاتر بریتیین لە:
سنگ ئێشە، تەنگەنەفەسی، بێهێزبوون، تەزو و گەرمبوونی لاشە، یەڵنج، گێژبوون و ترس لە مردن. ئەو حالەتە زۆربەی کات لە ٥ خولەک کەمتر دەخایەنێت و هەندێکجاریش دەگاتە یەک سەعات.

- سەرجەم پشکنینەکان بە ئیکۆ و هێلکاری دڵ و تەنانەت هەندێکجار قەستەرەش دەکەن، بەڵام هیچیان نەخۆشی دڵ پیشان نادەن، بەڵکو سەرجەمیان نۆرمەڵ دەردەچن. کەسەکەش چەندین پزیشکی گۆریوە و هەمان دەرئەنجامی هەبووە!

-ئەم حالەتە پێیدەوترێت نەوبەی تۆقین! حالەتێکی دەرونییە، بە چەندین شێووە دەردەکەوێت. ئەم نەخۆشییە یەکێکە لەو نەخۆشییانەی کە چارەسەریان هەیە و دەتوانرێت چارەسەری نەخۆشە بکرێت بە دەرمان یان بە چارەسەری دەرونی لە سەر شیوەی جەلسات، لەگەڵ چارەسەرکار لەکاتی رودانی نۆبەدا چی بکەین؟

-بەم چەند خالە دەتوانیت یارمەتی خۆت بدەیت کاتێک توشی نۆبەکە دەبیت، واتە لە ساتی نۆبەکەدا ئەمانە بکە:
1- نەوبەکە قبول بکە و دژی مەوەستەوە بەڵکو بیرتبێت کە ئەو حالەتی هەست و ترسە دەروات و حالەتێکی دەرونیی کاتییەو دەرئەنجامی مەترسیداری نابێت.

2-لەو ساتەدا تەرکیزت لە نیشانەکانی نۆبەکەوە بگوازەوە بۆ شتێکی چواردەورت، بۆنمونە تەرکیز بخەرە سەر کەلوپەلەکانی ناو ژوورەکە، وەکو سەعات کە چۆن ئیشدەکات!

3- هەناسەدانی خاوو و قول ئەنجامبدە, لە کاتی نۆبەکەدا دووربکەوە لە پەلەپەلی لە هەناسەداندا. بە قوڵی هەناسە بدە و پەلەمەکە لە هەلمژین و هێنانەدەرەوی هەواکەی ناو سییەکانت.

4-بیرکردنەوە سلبییەکان بوەستێنە: لەناو مێشکتدا بە دەنگی بەرز هاواربکە "بووەستە"، ئەو وشەیە کاردەکاتە سەر مێشک و دەبێتە هۆی وەستانی ئەو فەرمانە لەناکاوەی لە مێشکەوە دەرچووە بۆ دەردانی مادەی ئەدرینالین کە هۆکاری نیشانی تۆقینە.


PM:05:28:01/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 7732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌