‌زوڵەیخا پشدەری یەکەمین ژنە گۆرانیبێژی میللی کورد

وێستگە ستایل-

چی لەبارەی یەکەمین ژنە گۆرانیبێژی میللی کوردەوە دەزانیت؟ کە بە سێ زمان گۆرانی چڕیوە، و لە کۆتایشدا بەبیانوی شکاندنی دابونەریتی کۆمەڵگا لەلایەن بنەماڵەکەیەوە کۆتایی بە ژیانی هێنراوە.

زوڵەیخا پشدەری کە ناوی تەواوی زوڵەیخا وەلی ئیسماعیلە، لە ساڵی 1930 لەنزیک مەزاری شێخ باڵەک لە حاجی ئۆمەران لەدایکبووە، زوڵەیخا هەر لە منداڵییەوە خواستی لە گۆرانی وتن هەبووە و وەک ئافرەتێکی کۆچەری لەناو مەڕو ماڵات و کانی و داردا گەورە بووە، بەڵام بەهۆی دابونەریتی کۆمەڵگای کوردییەوە نەیتوانیوە خۆزگەی دڵی کە گۆرانی وتن بووە بەدی بهێنێت.

پەیوەست بە ژیانی تایبەتیشیەوە زوڵەیخا پشدەری، دوو جار ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و سەرەتا هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاکەیدا کردووە و بووەتە خاوەنی سێ کچ، بۆ جاری دووەمیش هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکدا کردووە بەناوی حەمە مەحمود، پێکەوە بوون بە خاوەنی سێ کچ و کوڕێک.

لەساڵی 1969دا زوڵەیخا هاوسەرەکەی دەمرێت و ژیان تەنگی پێ هەڵدەچنێت، هەربۆیە خەونی منداڵی دێتەوە یاد و لەگەڵ ئامێری زەڕبەکەیدا ڕێچکەکان دەشکێنێت و دەستدەکات بە وتنی گۆرانی میللی.

ئەم خاتونە لەو سەردەمەدا توانیویەتی بە زمانی کوردی و تورکی و فارسی بچڕێت، بۆ یەکەمجاریش لە ئاهەنگی جەژنی کرێکاران لەساڵی 1974لە سلێمانی و دوکان ئاهەنگی گێڕاوە، هەر لەوساڵەشدا لە ئێزگەی کوردی چەند گۆرانییەکی تۆمارکردووە.

تا وایلێهات هەموو ڕۆژێکی پێنج شەممە و هەینی لە ئاهەنگی بووک گواستنەوە و جەژنە میللیەکاندا گۆرانی بڵێت، لە ساڵی هەشتاکانیشدا بووە بە ئەندامی نەقابەی هونەری لقی سلێمانی.

هەرچەندە ساڵی مردنەکەی کەمێک ئاڵۆزە، بەڵام وەک دەگێڕنەوە ئەم ژنە کوردە گۆرانیبێژە، لەساڵی 2004 دا لەلایەن بنەماڵەکەیەوە کوژراوە.


PM:09:16:24/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 3148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌