‌عێراق: ڕۆژانه‌ 235 حاڵه‌تی ته‌ڵاق تۆمار ده‌كرێت

وێستگە ستایل-

سه‌رژمێریه‌كی نوێ داتایه‌كی مه‌ترسیداری له‌باره‌ی‌ زیادبوونی ژماره‌ی‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ هاوسه‌ره‌كان له‌ عێراق ئاشكرا كردوه‌، مانگانه‌ 6973 هاوسه‌ر له‌یه‌كتر جیاده‌بنه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌كاته‌ 235 كه‌یس له‌ ڕۆژێكدا و 10 حاڵه‌ت له‌ یه‌ك كاتژمێردا، داتاكه‌ له‌ مانگی 8 ی ئه‌مساڵ تۆماركراوه‌ له‌ به‌غدای پایته‌خت.

ئه‌م داتایانه‌ زیادبوونی حاڵه‌تی جیابوونه‌وه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئافاتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕووی له‌ وڵات كردوه‌، ساڵانه‌ ده‌یان هه‌زار حاڵه‌تی جیابوونه‌وه‌ تۆمار ده‌كرێت، ته‌نها له‌ ساڵی 2022 زیاتر له‌ 73 هه‌زار حاڵه‌تی جیابوونه‌وه‌ هه‌بووه‌ و ژماره‌كه‌ش زۆر زیادی كردوه‌ به‌راورد به‌ ساڵانی ڕابردوو، داتاكان ڕێژه‌ی‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ هاوسه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی تیادا نییه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شی بخرێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ژماره‌كه‌ زۆر زیاتر ده‌بێت.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌ دادگاكانی عێراق تۆمار بكرێت، به‌ڵام گه‌یشتن به‌م حاڵه‌ته‌ زه‌نگێكی مه‌ترسیداره‌ به‌ بۆچوونی پسپۆڕان و هه‌ڕه‌سه‌یه‌ له‌سه‌ر ئارامی كۆمه‌ڵگا، به‌هۆیه‌وه‌ داهاتووی هه‌زاران خێزان و گه‌نج و منداڵی عێراقی به‌ره‌و داڕمان و هه‌ڵوه‌شان ده‌چن.

پسپۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی زیادبوونی ژماره‌ی‌ ته‌ڵاق له‌ عێراق ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ "خراپی دۆخی ئابووری و خراپ به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و هاوسه‌رگیری له‌ ته‌مه‌نێكی منداڵدا "


AM:11:41:23/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 1084 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌