سێ ئەگەر لە بەردەم پرۆسەی خوێندنی ساڵی نوێدان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
وێستگه نیوز ـ یاسین ته‌ها
سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی سێ سیناریۆی دیاریی كردووە بۆ ساڵی خوێندنی 2020 _ 2021 كە سەرجەمیان پەیوەستە بە هەڵسەنگاندنە پزیشكییەكان، بەدووریشی نازانێت خوێندنی ئاوێتە ببێتە بژاردەیەك لە خوێندنی باڵا.
سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی كە ناوەندێكی توێژینەوەی مۆڵەتدراوە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ڕانانی ئایندەیی ژمارە (7) دا، كە ئەمڕۆ 1 ئەیلولی 2020 بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بەوە دەكات، ئەوەی لەبارەی پرۆسەی خوێندنی 2020 _ 2021 وە هەیە تا ئێستا پێشنیارێکی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستیه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن، هاوکات وه‌زاره‌تی پهروهردش تەتەڵەی چەند ئەگەرێك ئەكات كە بریتین لە: خوێندنی ئه‌لیكترۆنی و داخستنی ده‌رگای قوتابخانه‌كان، تا ئەوکاتەی ئاسۆ و چاره‌سه‌ر سەرهەڵدەدەن، دابه‌شكردنی ڕۆژه‌كانی هه‌فته و پۆلەكان بۆ دوو ماوه‌ی خوێندن، كە دەكاتە سێ ڕۆژ له‌هه‌فته‌یه‌كدا، لەگەڵ كردنه‌وه‌ی ته‌واوی خوێندن وه‌كو ساڵانی پێشوو، به ڕه‌چاوكردنی ڕێنماییە تهندروستیەکان و دواخستنی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خوێندن بۆ سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌م و كەمكردنەوەی كاتژمێره‌كانی خوێندن و قەتیسكردنیان لەبابەتە بنەڕەتییەكان.
بەپێی ڕانانی سەنتەرەكە هه‌ریه‌ك له‌م سیناریۆنانه گرفتی خۆیان هەیە و پیادەکردنیان ئاسان نییه، بۆنمونە خوێندنی ئەلیكترۆنی، ئاستەنگی نه‌بوونی ژێرخانی ئه‌لیكترۆنی هەیە، سیناریۆی دابەشكردنی دەوامیش ناگونجێت لەگەڵ دۆخی قوتابخانەكان كە بەشی زۆریان له بنەڕەتدا دوو ده‌وامین، هەرچی سیناریۆی سێیەمشە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە بەپێی هه‌ڵسه‌نگاندنه پزیشكی و توێژینه‌وه‌كان منداڵ و تا ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ساڵ كه‌متر ئه‌م په‌تایه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دروست ده‌كات و كاتژمێری کەم و ته‌نها ئه‌و وانە و بابەتانەی سه‌ره‌كین بخوێنرێن و ئەمەش، له دوو سیناریۆكه‌ی تر سه‌ركه‌وتووتر دەردەکەوێت، ئەگەر هه‌ڵسه‌نگاندنه پزیشكیه‌کان پەسەندی بكات.
لەبارەی خوێندنی باڵاشەوە، راپۆرتەكەی سەنتەری ئایندەیی ئەوە دەخاتەڕوو، سیناریۆی سەرەكیی ئاوێته‌كردنی خوێندنی ئه‌لیكترۆنی و خوێندنی ڕووبه‌ڕووی ناو كهمپهسهكانه به ڕه‌چاوكردنی ئه‌و پێوه‌رانه‌ی كه رێكخراوی یونسكۆ بۆ دهستپێكردنهوەی خوێندن دیاری کردوون، هه‌روه‌ها جۆرێك له نهرمینوواندن و پێدانی ده‌سه‌ڵات به زانكۆكان بۆ رێكخستنەوەی خوێندن بەپێی تایبەتمەندیی و دۆخە ناوچەییەكان.
رانانەكە ئاماژە بەوەش لەبارەی كردنەوەی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای زانكۆ و په‌یمانگاكان و ئاساییكردنه‌وه‌ی ده‌وام لە پێشنیاره‌كه‌ی ئەنجومەنی وەزارەتدا باس له‌وه كراوه به‌شی زۆری خوێندن له نێو كه‌مپه‌سدا ده‌بێت، له‌وانه (وانه پراكتیکییهكان، وانه سه‌ره‌كییه‌كان، تاقیكردنه‌وه‌كان، تاقیگه‌كان)، ئه‌مه‌ش به ناڕاسته‌وخۆ به واتای دروستبوونی قه‌ره‌باڵغی دێت. بۆیه بەلای سەنتەرەكەوە باشترین بژارده ئەوەیە لانی كه‌م له زانكۆ تایبه‌ته‌كان كه كه‌متر گرفتی ناڕه‌زایی و به‌شی ناوخۆیی و پێڕاگه‌یشتنی ئه‌لیكترۆنییان هه‌یه، خوێندنی ئاوێتەیە.
سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی، سەنتەرێكی توێژینەوەی زانستی ناحكومییە دامەزراوە بۆ سوودی گشتی، مۆڵەتی کارکردنی پێدراوە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان و جگە لەگۆڤارێكی زانستی بەناوی (دراسات أمنیه) دوو مانگ جارێكیش گۆڤارێك بەناوی (ئایندەناسی) دەردەكات و مانگانەش رانانێك لەبارەی پرسە گەرمەكانی رۆژ بڵاو دەكاتەوە، بە بەشداری توێژەران: د.یوسف گۆران، د.ئومێد رفیق فتاح، د.عابد خالد رسول، د.هەردی مهدی میکە.
PM:06:31:01/09/2020
ئه‌م بابه‌ته 7584
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت