هه‌سه‌ده‌ داوا له ئه‌مریكاو هاوپه‌یمان ده‌كات دژی هێرشی توركیا هه‌ڵوێستی توندیان هه‌بێت

‌ئارام حەننا، وتەبێژی هەسەدە

وێستگه‌نیوزـ

هێرشەکانی تورکیا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە باکوری سوریا دەستی پێکردووە. لە میانەی ئەم هێرشانەدا بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لە حەسەکە و ناوەندی ئاسایشی کەمپی هۆلیش کراونەتە ئامانج.


وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رۆژی چوارشەممە 23ی تشرینی دووه‌م، نیگەرانی خۆی لە مەڕ هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا و بەئامانجگرتنی ژێرخانی ناوچەکە دەربڕی.

پنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییە لە سوریا راستەوخۆ هەڕەشە لە سەلامەتی کارمەندانی ئەمریکا دەکات کە لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆییەکانی بۆ شکستپێهێنانی داعش لە سوریا کاردەکەن".

ئارام حەننا، وتەبێژی هەسەدە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمریکا، رایگەیاند، لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی لە رەوشێکی وەها مەترسیداردا گرنگە، وتیشی: "داوا لە سوپای ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین هەڵوێستی توند نیشان بدەن و تەنها پەیام و لێدوان نەبێت".

لە درێژەی قسەکانیدا ئارام حەننا دووپاتی کردەوە کە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کارە هاوبەشەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی راگرتووە، چونکە هێزەکانیان سەرقاڵی پاراستنی ناوچەکەن.

وتیشی: " ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک جەختی لەوە کردووەتەوە کە کاری هاوبەشی شەڕی دژی تیرۆر و شانەکانی رێکخراوی داعش لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەستاوە، چونکە هێزەکانمان سەرقاڵی پاراستی ناوچەکەن لە هێرشەکانی تورکیا، هەروەها پەیوەندی نێوان ئێمە و هێزەکانی رووسیا بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە کاریگەری نەرێنی لەسەر بووە".

ئەم هێرشەی تورکیا توندترین هێرشە لە دوای داگیرکردنی سەرێکانی و گیرێ سپی لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2019دا.

جگە لەم هێرشە ئاسمانیانە، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سەرۆکكۆماری تورکیا هەڕەشەی هێرشێکی زەمینیشی بۆ ناو سوریا دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کردووە.

ئانکەرە چەکدارە کوردەکانی تۆمەتبارکردووە بە تەقینەوەکەی 13ی ئەم مانگە لە ئەستەنبوڵ کە شەشی کەسی تێدا کوژرا و زیاتر لە 80 کەسیش برینداربوون.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ هیچ کەس و گروپێک بەرپرسیارێتی خۆی له‌ ئه‌نجامدانی تەقینەوەكە رانەگەیاندووە و هەر لەو کاتەشدا چ پەکەکە و چ هێزەکانی سوریای دیموکراتیکیش نکوڵیان لەوە کرد هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە هەبێت


AM:08:52:25/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو