وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم: لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتنێکی نوێمان کرد

‌کەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان

وێستگە نیوز_

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین رێککەوتوون و وتیشی "لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت".
 

کەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ دووشەممە بە کەناڵی رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەمدا لەگەڵ ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق رێککەوتین لەسەر ئەوەی کە بە سێ قۆناخ نەوت بەسەر هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستاندا دابەشبکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە قۆناخی یەکەمدا کە لەم رۆژنەدا دەستپێدەکات، 50 ملیۆن لیتر نەوت دەگەیەندریتە گوندی ناوچە شاخاوییەکان، لە قۆناخی دووەمدا 50 ملیۆن لیتر بەسەر قەزا و ناحییەکاندا دابەشدەکەین و لە قۆناخی سێیەمیشدا 50 ملیۆن لیتری دیکە بەسەر شارە گەورەکاندا دابەشدەکەین".
 
وەزیری سامانە سروشتییەکان ئەوەشیخستەڕوو، "ئەو نەوتە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت و کوالێتییەکی بەرزی دەبێت، حکومەتی عێراق لیتری بە 750دینار دەکڕێت و بە 400 دینار دەیفرۆشێتەوە بە هەرێمی کوردستان، ئێمەش تەنیا حەقی گواستنەوەکە دەخەینە سەر نەوتەکە کە چەند دینارێک دەبێت بۆ یەک لیتر و دابەشی دەکەین."
 
لەبارەی بەنزینیشەوە وەزیری سامانە سرووشتییەکان، ئاماژەی بەوەكردووە، "رێککەوتنێکی نوێمان کردووە کە رۆژانە بڕی یەک ملیۆن و 80 هەزار لیتر بەنزین رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت، هەروەها ئەو کێشەیەی بۆ پاڵاوگەی بازیانیش دروستببوو، چارەسەرکراوە، بەمەش کێشەی بەنزین تاڕادەیەک چارەسەر دەبێت، بەڵام گرفتە بنبڕ نابێت و پێویستی بە پلانێکی ستراتیژییە".
 


AM:11:54:18/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 3760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت