"بانكی ناوه‌ندی و وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم پێكهێنانی بانكی نیشتمان تاووتوێ ده‌كه‌ن"


وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی‌ دارایی و ئابووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ له‌گه‌ڵ‌ وه‌فدێكی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق دواین هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی بانكی نیشتمان-یان تاووتوێ كرد.


وه‌زاره‌تی‌ دارایی و ئابووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 4ی ته‌مموزی‌ 2024 شاندێكی بانكی ناوه‌ندی عێراقی سه‌ردانی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوورییان كرد و له‌لایه‌ن  د. هاوڕێ كه‌مال راوێژكاری یاسایی وه‌زاره‌ت و فه‌یسه‌ڵ عه‌لی راوێژكاری ئابووری و رێباز عه‌باس راوێژكاری بانكی و محه‌مه‌د خزر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانكه‌ بازرگانییه‌كانه‌وه‌ پێشوازیان لێكرا.     

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "له‌دیدارێكدا گفتوگۆ له‌ سه‌ر دوایین هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی بانكی نیشتمان كرا و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی دوولایه‌نه‌ بۆ سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی پێكهێنانی بانكه‌كه‌یان كرده‌وه‌ له‌ نزیكترین كاتدا و ڕۆڵی بانكه‌كه‌یان له‌ پڕۆسه‌ی پێشخستنی بواری دارایی و ئابووری له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌رزنرخاند.     
 
وه‌زاره‌تی‌ دارایی ده‌ڵێت: "بانكی نیشتمان كه‌ سه‌رمایه‌كه‌ی زیاتر له‌ 250 ملیار دیناره‌، كۆتایی ساڵی ڕابردوو له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندی عێراقه‌وه‌ مۆڵه‌تی فه‌رمی پێدرا".

راشیگه‌یاند كه‌ "به‌ ده‌ستبه‌كاربوونی بانكه‌كه‌ش فه‌رمانبه‌ران و هاوڵاتیان له‌ چه‌ندین پێشینه‌ و قه‌رز و خزمه‌تگوزاری دارایی و بانكی سودمه‌ند ده‌بن و سه‌رجه‌م بانكه‌ حكومیه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی له‌ ژێر چه‌تری بانكی نیشتمان رێكده‌خرێنه‌وه‌".


PM:09:21:04/07/2024










ئه‌م بابه‌ته 968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت