سەرەڕای شەڕ، موجتەبا خامنەیی ئێرانییەکان بۆ منداڵخستنەوە هاندەدات


وێستگەنیوز-

دوێنێ سێ شەممە، 19ی ئایاری 2026، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران، پەیامێکی نوێی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا ئێرانییەکانی هاندا بۆ منداڵخستنەوە، بەمە موجته‌با کەمێک لەو کەشوهەوای شەڕە دوورکەوتەوە کە بەسەر پەیامەکانی پێشوودا زاڵ بوو.


ڕێبەری باڵا لەو کاتەوەی پۆستەکەی وەرگرتووە، دوای کوژرانی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشوو، لە یەکەم ڕۆژی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی ڕابردوو کە بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕەکە، بە ئاشکرا دەرنەکەوتووە.

بەڵام چەندین پەیامی نووسراوی دراوه‌ته‌پاڵ، لە نوێترینیاندا پەیامێکی وەڵامدانەوە بوو، بۆ ئه‌وانه‌ی لایەنگری زیادبوونی ژمارەی منداڵ ده‌كه‌ن.

موجته‌با له‌ په‌یامه‌ نوێكه‌یدا، هانی ئێرانییەکان ده‌دات، پێگەی خۆیان وەک زلهێزێک، لە ڕێگەی زیادکردنی ژمارەی دانیشتوانەوە، بەهێزتر بکەن.

ناوبراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێكس" نووسیویەتی: "له‌ ڕێگه‌ی به‌دواداچوونی جدیی، بۆ سیاسه‌تی دروست و حه‌تمیی زیادكردنی ژماره‌ی دانیشتوان، گه‌لی مه‌زنی ئێران، له‌ ئاینده‌دا ده‌توانێت، لە پێناو بنیاتنانی شارستانییەتێکی نوێ لە ئێرانی ئیسلامیدا، هه‌نگاوی گه‌وره‌ بنێت".
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، ژمارەی دانیشتوانی ئێران نزیکەی 92 ملیۆن کەسە، ئه‌م ژماره‌یه‌ کەمتر لە نیوەی ژمارەی دانیشتوانی پاکستان-ی دراوسێی و له‌ ژماره‌ی دانیشتوانی میسریش کەمترە.

 بەڵام ئامارە فەرمییەکان، ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن ئێران له‌ رووی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه‌ و له‌سه‌ر ئاستی جیهان، لە ڕیزبەندیی 17هه‌مین وڵاتدایه‌. لەگەڵ ئەوەشدا، بە گوێره‌ی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، ڕێژەی منداڵبوون لە ئێران، لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەجۆرێک لە 6.5% لە ساڵی 1979دا، ساڵی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، بۆ 1.7% لە ساڵی 2024دا کەمیکردووە،.

له‌ پێناو بەدیهێنانی گەشەی خێراتری دانیشتوان، بەرپرسێکی تەندروستیی ئێران لە ساڵی 2020دا، ڕایگەیاند نەخۆشخانە و کلینیکە حکومییەکان، نەشتەرگەریی بەستنی لوولەکانی منداڵدان (بۆ پیاوان) و دابەشکردنی هۆکارەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانییان، ڕاگرتووە.

سەرەڕای ئەو زیانانەی بەهۆی بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و کوژرانی ڕێبەری باڵای پێشوو و چەندین کەسایەتیی دیاری تر، بە وڵاتەکە گەیشتوون، تاران پێیوایە بە بەهێزی لەم ململانێیە دێتە دەرەوە.

تاران لە ئێستادا پێشنیار بۆ دانوستانی ئاشتی، لەگەڵ واشنتۆن دەگۆڕێتەوە، بەڵام هێشتا داوای لادانی سزاکان دەکات و سوورە لەسەر پاراستنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر گەرووی هورمز و مافی پیتاندنی یۆرانیۆم.

له‌ كۆتایدا موجتەبا خامنەیی پێیوایه‌ بۆ پاراستنی ئەم ڕۆڵە سەرکردایەتییە هەرێمییە، پێویستە ئێرانییەکان "کولتووری منداڵخستنەوە" بەهێز بکەن.


AM:11:53:20/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت