سه‌رۆكی سوریا وێنه‌ی ئه‌و عه‌تره‌ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ دۆناڵد تره‌مپ پێشكه‌شی كردبوو


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئایاری 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، وێنەیەکی عەتری "تره‌مپ ڤیکتۆری/Trump Victory بڵاوکردەوە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەک دیاری پێشکەشی کردووە.


لەو وێنەیەدا كه‌ ئه‌حمه‌د شەرع، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێكس" بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، دوو پاکەتی عەتری "تره‌مپ ڤیکتۆری" دەردەکەون؛ دانەیەکیان سوور و ئەوی تریان ڕەشە و ناوی عەترەکە بە ڕەنگی زێڕین لەسەر دوو پاكه‌ته‌كه‌ نووسراوە، لە به‌رده‌م دوو پاكه‌ته‌ عه‌تره‌كه‌دا، کارتێک هەیە و مۆری کۆشکی سپی و ئیمزای ترەمپ-ی له‌سه‌ره‌.

شەرع لەگەڵ وێنەکەدا نووسینێکی هاوپێچ کردووە و تێیدا دەڵێت: "هەندێک دیدار، شوێنەوار جێدەهێڵن، بەڵام دیداری ئێمە بۆن و بەرامەیەکی تایبەتی به‌جێهێشت".

هه‌روه‌ها شەرع ده‌ڵێت، "هیواخوازین ڕۆحی ئەو دیدارە، بەردەوام بێت لە بەشداریکردن بۆ چەسپاندنی پەیوەندییەکی بەهێزتر و پۆڵایینتر، لە نێوان سوریا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا".

ئەو کارتەی کە مۆری کۆشکی سپی و ئیمزای سه‌رۆكی ئه‌مریكای لەسەرە، ئەم دەستەواژەیەی تێدایە: "ئەحمەد، هەمووان باسی ئەو وێنەیە دەکەن کە گرتمان، کاتێک ئەم عەترە جوانەم پێشکەش کردیت، ئەمەش بۆ کاتێک ئەگەر عەترەکەت لێ بڕا!".

لە تشرینی دووەمی ڕابردوودا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دیداری نێوان هەردوولا لە کۆشکی سپی بڵاوکرایەوە، تێیدا ترەمپ عەترێک لە کۆمەڵە تایبەته‌كه‌ی خۆی بەسەر شەرعدا دەڕشێنێت، پێش ئەوەی وەک دیاری پێشکەشی بکات.

هاوکات ترەمپ لە هەمان عەتری، بەسەر ئەسعەد ئەلشەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سوریادا ڕشاند، کە لە کۆشکی سپی، ئامادەی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و سوریا بوو.

لەو کاتەدا كۆبوونه‌وه‌كه‌، لە چوارچێوەی ئه‌و هه‌وڵانه‌دا بوو، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سوریا، خرابوونه‌گه‌ڕ، ئه‌مه‌ دوای ئەوەی شەرع سەرۆکایەتیی وڵاتی گرتە دەست، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەرۆکی پێشوو بەشار ئەسەد.


AM:10:38:20/05/2026




ئه‌م بابه‌ته 528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت