تورکیا 110 کەسی بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستگیر کرد


وێستگەنیوز-

پۆلیسی دژە تیرۆری تورکیا، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە زیاتر لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو، 110 کەسی بە تۆمەتی پاڵپشتی لە گروپی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەستبەسەر کرد و دەستیشی بەسەر بڕێک چەکدا گرت.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی "ئانادۆڵو"ی تورکیا، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئەم کەسانە تۆمەتبارن بەوەی لە ڕێکخراو و کۆمەڵە نایاساییەکاندا، خولی فێرکارییان بۆ گۆشکردنی منداڵان بە ئایدۆلۆژیای داعش ڕێکخستووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم کەسانە هەروەها تۆمەتبارن بەوەی کە پارەیان بۆ داعش کۆکردووەتەوە و هەوڵیان داوە ئەندامی نوێ بۆ ئەو گروپە ڕابکێشن. ئۆپەراسیۆنی پۆلیسی دژە تیرۆری تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ ئەنجام دراوە.

هەفتەی ڕابردووش، پۆلیسی تورکیا 324 کەسی تری لە کاتی هەڵکوتانە سەر چەندین شوێن لە 47 پارێزگای وڵاتەکەدا، بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستبەسەر کردبوو.

لە حەوتی نیساندا، لە کاتی تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا لە دەرەوەی کۆنسوڵخانەی ئیسرائیل لە ئەستەنبوڵ، هێرشبەرێک کوژرا و دوو کەسی تریش بریندار بوون. وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند کە یەکێک لە هێرشبەرەکان پەیوەندی بە "ڕێکخراوێکەوە هەبووە کە ئایین بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردێنێت. میدیاکانی تورکیاش بڵاویانکردەوە کە ئەو ڕێکخراوە داعش بووە.


PM:02:18:19/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 28 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت