دۆناڵد ترەمپ: پێموایە دەرفەتێکی زۆر باشمان هەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران


وێستگەنیوز-

سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، دەرفەتی زۆرباشمان هەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران، دەشڵێت، "هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بەردەوامە کە تێیدا کۆتایی بە چەقبەستوویی دۆخی گەرووی هورمز و پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بهێنێت".


ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی چالاکییەکدا بۆ پشتگیریکردن لە بێرت جۆنز، کاندیدی پارتی کۆماری بۆ پۆستی پارێزگاری ویلایەتی جۆرجیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "ئێمە بۆ مەبەستێکی زۆر گرنگ کار دەکەین، ئەویش ئەوەیە ناتوانین رێگە بدەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، زۆربەی خەڵک دەزانن ئەوەی دەیکەین کارێکی راستە و ئەم بابەتەش بەمزووانە کۆتایی دێت".

ئاماژەی بەوەکرد، "پێموایە دەرفەتێکی زۆر باشمان هەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران، ئەگەر نەیکەین، دەگەڕێینەوە سەر رێگە کۆنەکەمان و هەموو شتێکیان بۆردوومان دەکەین".

ترەمپ وتی، "رەنگە پێش گەشتەکەم بۆ چین رێککەوتنەکە تەواو بێت، ئەوە دۆخێکی نمونەیی دەبێت"، بڕیارە هەفتەی داهاتوو ترەمپ گەشتێک بۆ وڵاتی چین ئەنجام بدات.

وتیشی، "هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بەردەوامە کە تێیدا کۆتایی بە چەقبەستوویی دۆخی گەرووی هورمز و پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بهێنێت".


AM:09:39:07/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت