ئایا ئه‌فلام كارتۆنی‌ “The Simpsons” پێشبینی سه‌ركه‌وتنی‌ كامالا هاریسی كردووه‌؟


وێستگه‌نیوز-
جارێكی‌ تر و وه‌ك له‌ زۆرێك له‌ رووداوه‌كانی جیهاندا روویداوه‌، زنجیره‌ ئه‌نیمه‌یشنی به‌ناوبانگی "سیمپسۆنه‌كان The Simpsons” دێته‌وه‌ به‌رباس و ئه‌مجاره‌ ئاماژه‌ی به‌ سه‌ركه‌وتنی‌ كامالا هاریس كاندیدی‌ دیموكراته‌كان و بوونی‌ به‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا داوه‌.


له‌ شه‌وی رابردووه‌وه‌ كاتێك جۆ بایدن سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا كشانه‌وه‌ی خۆی له‌ كێبڕكێی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا و پشتیوانی خۆی له‌ جێگره‌كه‌ی وه‌ك كاندیدی دیموكراته‌كان راگه‌یاند، ناوی كامالا هاریس كه‌وته‌ به‌رباس و بووه‌ جێی‌ سه‌رنجی‌ هه‌مووان.


هاوكات ژماره‌یه‌ك له‌ به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دیمه‌نه‌كانی زنجیره‌ی "سیمپسۆنه‌كان”یان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ به‌ وته‌ی خۆیان پێشبینی كاندیدكردنی كامالا هاریس ده‌كات بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌ڵقه‌یه‌كی نوێی زنجیره‌ پێشبینییه‌ مشتومڕاوییه‌كان كه‌ ئه‌و زنجیره‌یه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

به‌پێی ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی "The Independent”ی به‌ریتانی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌م دیمه‌نانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌ڵقه‌یه‌كی وه‌رزی 11، به‌ ناوی "بارت بۆ داهاتوو " Bart to the Future،”، كه‌ تێیدا كه‌سایه‌تی‌ لیزا سیمپسۆن ده‌ركه‌وتووه‌ دوای وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌مریكا و جل و به‌رگی هاوشێوه‌ی‌ یه‌كێك له‌ جلوبه‌رگه‌كانی هاریسی‌ له‌به‌ردایه‌، كه‌ له‌ كاتی ده‌ستبه‌كاربوونی جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2021دا له‌به‌ری كردبوو، هاوكات گواره‌ و ملوانكه‌یه‌كی مرواری و چاكه‌تێكی ره‌نگ وه‌نه‌وشه‌یی له‌به‌ردا بوو.

ئه‌م ئه‌ڵقه‌یه‌ی‌ زنجیره‌ی‌ "The Simpsons” كه‌ تیایدا ئاماژه‌ی‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی‌ كامالا هاریسی‌ كردووه‌، له‌ ساڵی 2000دا نمایش كراوه‌.





له‌ وه‌ڵامدا، ئال جین نووسه‌ری زنجیره‌ی‌ "سیمپسۆنه‌كان" وێنه‌یه‌كی هاریسی له‌ ته‌نیشت وێنه‌یه‌كی كه‌سایه‌تی‌ لیزا سیمپسۆن له‌ پلاتفۆرمی ئێكس بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ ژێره‌وه‌ی نووسیویه‌تی "پێشبینییه‌كانی سیمپسۆنه‌كان كه‌ شانازی ده‌كه‌م به‌شێكم لێی".

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ كه‌ زنجیره‌ی "سیمپسۆنه‌كان" پێشبینی رووداوه‌ سیاسییه‌ گرنگه‌كان ده‌كات، وه‌ك چۆن پێشتر پێشبینی سه‌ركه‌وتنی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكای كردووه‌ له‌ ساڵی 2017دا، هه‌روه‌ها پێشبینی ئاژاوه‌گێڕییه‌كانی كاپیتوڵی كردبوو.
كشانه‌وه‌ی بایدن نوێترین رووداوی‌ جێی‌ سه‌رنج بوو له‌ كێبڕكێی كاندیدكردنه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌ ده‌ رۆژی رابردوودا، كه‌ هه‌وڵی تیرۆركردنی دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی پێشوو و كاندیدی‌ كۆمارییه‌كانی‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارێكه‌وه‌ له‌كاتی گردبوونه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانیدا، تیادا درا.

به‌رپرسانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی بایدن- هاریس و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌ سه‌دان بانگه‌وازیان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی داوا له‌ به‌شداربووانی كۆنفرانسی دیموكراته‌كان له‌ 5ی‌ مانگی داهاتوودا بكه‌ن، پشتیوانی له‌ كاندیدكردنی هاریس بكه‌ن تا ركابه‌رایه‌تی‌ دۆناڵد تره‌مپ كاندیدی كۆمارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا بكات.

هاریس له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا وتی: "ئامانجی من به‌ده‌ستهێنان و بردنه‌وه‌ی ئه‌م كاندیدكردنه‌یه‌... هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌م بۆ یه‌كخستنی پارتی دیموكرات و یه‌كخستنی میلله‌ته‌كه‌مان و شكستپێهێنانی دۆناڵد تره‌مپ".




PM:06:38:22/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 8828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت