ئه‌ردۆغان: دەستووری نوێ کێشەکانی وڵات چارەسەر دەکات

‌رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا

وێستگه‌نیوزـ

سەرۆک کۆماری تورکیا پێداگرە لە داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵاتەکەی و دەڵێت، "دەستووری نوێ بواری سیاسەتی مەدەنی فراوان و کێشەکانی وڵات چارەسەر دەکات".
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 10ی ئایاری 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئەنقەرە بەشداریی لە رێوڕەسمی 156ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەنجومەنی دادوەریی کارگێڕی و شورای دەوڵەت کرد و تیایدا وتارێکی پێشکه‌ش کرد.
 
سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، دەرهێنانی دۆزە دادوەری و کارگێڕییەکان لە پرسی یاسایی و بەسیاسیکردنیان، دەرەنجامەکەی هەرچییەک بێت، سێبەر دەخاتە سەر هەستی دادپەروەری لە کۆمەڵگەدا، ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەو کارە بە دروست نازانن.
 
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە هەمووان هاوکار و یارمەتیدەری دەسەڵاتی دادوەری بن و وتی، "لێرەوە دەمەوێت ئەم بانگەوازە دڵسۆزانە بۆ هەموو گەلەکەم بکەم. سیستمێکی دادوەریی بەهێز، بێلایەن، سەربەخۆ و خێرا لە کارکردندا، بەهادارترین میراتە کە بۆ رۆڵەکانمانی جێبهێڵین. لەگەڵ ئەوەشدا وەکو هەر 85 ملیۆن هاووڵاتیی ئەم وڵاتە، ئەرکی هەموومانە ئەگەر کەموکورتی هەیە لەم بابەتەدا، تەواو بکرێت؛ کێشە هەیە، چارە بکرێت و بەربەست هەبێت لاببرێت. هەر وەک چۆن دەستوەردانی دادگە لە یاسادانان و جێبەجێکردندا هەڵەیە، پەلکێشکردنیشی بۆ نێو مشتومڕە سیاسییەکان هێندە هەڵەیە".
 
ئەردۆغان باسی لە گرنگی دەستووری نوێ کرد و رایگەیاند، "دەستووری نوێ، بواری سیاسەتی مەدەنی فراوان دەکات و، چارەکردنی کێشەکانی وڵاتەکەمان هەر لە ئابوورییەوە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی خێراتر دەکات".
 
سەرۆک کۆماری تورکیا راشیگەیاند: "بە شیاوی نازانین بۆ دیموکراسیی تورکیا، کە بە دەستوورێکی بەرهەمی کودەتا پێشوازی لە 100ـەمین ساڵیادی کۆمارەکەمان بکرێت".
 
باسی لەوەیش کرد، بە نەرمی نواندن لە سیاسەتدا، دەرفەتێکی گرنگ دێتە ئاراوە بۆ چڕبوونەوەی گفتوگۆ راوێژکارییەکانی نێوان پارتە سیاسییە جیاوازەکان، "ئێمە لە چوارچێوەی چاوەڕوانییەکانی گەلەکەماندا بەردەوام دەبین لە بینینی ئەو رۆڵە بونیاتنەرەی دەکەوێتە سەر شانمان. هەروەها بە کارێکی دروستی نازانین لایەنە سیاسییەکان بەهۆی کێشەى ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بیانەوێت دەستووری مەدەنی، کە بابەتێکی پێویستە، لە رۆژەڤ دوور بخەنەوە". 


PM:06:33:10/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 608 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت