سەرۆک کۆمارى ئێران و وەزیرى دەرەوە گیانیانلەدەستدا


وێستگه‌نیوزـ

هەواڵى گیانلەدەستدانى سەرۆک کۆمار و چەند بەرپرسێکى باڵاى ئێران لە رووداوى کەوتنەخوارەوەى هێلیکۆپتەرێک بەفەرمى پشتڕاستکرایەوە.

بەگوێرەى میدیا فەرمییەکانى ئەو وڵاتە، هەریەک لە سەرۆک کۆمار و وەزیرى دەرەوەى ئێران و چەند بەرپرسێکى دیکەى ئێران لە رووداوەکەدا گیانیانلەدەستداوە.

هاوکات موحسین مەنسورى، یاریدەدەرى سەرۆک کۆمارى ئێران هەواڵى گیانلەدەستدانى سەرۆک کۆمار لە رووداوەکەدا پشتڕاستکردەوە.  

ئەو کەسانەى لە نێو هێلیکۆپتەرەکەدا بوون بریتى بوون لە، ئیبراهیم رەئیسى، سەرۆک کۆمار حسین ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیرى دەرەوە ئایەتوڵا سەید محەمەد هاشم، ئیمام و خەتیبى پارێزگاى ئازربایجانى رۆژهەڵات، مالیک رەحمەتى، پارێزگارى ئازربایجانى رۆژهەڵات، سەردار سەید مەهدى موسەوى، فەرماندەى فەیلەقى ئەنسارولمەهدى، فڕۆکەوانەکە و یاریدەدەرى فڕۆکەوانەو کەسێکى دیکە کە تا ئێستا ناسنامەکەى نەزانراوە.

کاتژمێر سێى رۆژى یەکشەممە، دواى گەشتێکى سەرۆک کۆمارو وەزیرى دەرەوە و ژمارەیەک لە یاوەرانى بەمەبەستى کردنەوەى بەنداوێکى هاوبەشى نێوان ئێران و ئازربایجان سەردانى سەر سنوورى هەردوو وڵاتیان کرد، بەڵام بەهۆى خراپى کەشوهەواوە، هێلیکۆپتەرەکەى لەناوچەى جوڵفاى نێوان سنوورى ئێران و ئازربایجان تووشى رووداو بوو.


AM:08:41:20/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 3872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت