عێراق بڕیاری له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر 10 كه‌سدا جێبه‌جێ ده‌كات


وێستگه‌نیوزـ

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی به‌ ئاژانسی رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه،‌ حكومه‌تی عێراق رۆژی دووشه‌ممه‌ 22ی ته‌موزی 2024، به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ تیرۆره‌وه‌، سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ر 10 كه‌سدا جێبه‌جێ كردووه‌.


سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ سزای له‌سێداره‌دانه‌كه‌، له‌ زیندانێكی شاری ناسریه‌ له‌ باشووری عێراق ئه‌نجامدراوه‌ و سه‌رجه‌م سزادراوه‌كان عێراقی بوون.

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌ی روونكردووه‌ته‌وه‌ ئه‌و 10 كه‌سه‌ی له‌سێداره‌دراون‌، به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیكردن به‌ ریزه‌كانی رێكخراوی داعش و ئه‌نجامدانی "تاوانی تیرۆریستی مه‌ترسیدار" تۆمه‌تبار كرابوون.

عێراق له‌ مانگی نیسانی رابردوو، به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ تیرۆره‌وه‌، سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ر 11 كه‌سی دیكه‌دا جێبه‌جێكرد. ئه‌مه‌ش ره‌خنه‌ی رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ‌لێكه‌وته‌وه‌.

رێخراوه‌كه‌ ترسی ئه‌گه‌ری له‌سێداره‌دانی زیاتری هه‌یه‌ كه‌ راناگه‌یه‌نرێت و بڵاوناكرێته‌وه‌، چونكه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی له‌سێداره‌دان له‌ عێراقدا له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوو "نا روونییه‌كی مه‌ترسیدار هه‌یه‌".

عێراق سه‌دان كه‌سی له‌وانه‌ی گومان ده‌كرێت سه‌ر به‌ رێكخراوه‌ تووندڕه‌كان بن، ره‌وانه‌ی دادگاكان كردووه‌ و چه‌ندین له‌سێداره‌دانی به‌ كۆمه‌ڵێ ئه‌نجامداوه‌، به‌تایبه‌ت له‌ دوای شكستهێنان به‌ داعش له‌ پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازی و به‌ هاوكاری و كۆمه‌كی ئه‌مریكا له‌ ماوه‌ی نێوان ساڵانی 2014 و 2017.

به‌ گوێره‌ی یاساكانی عێراق، سزای تاوانه‌كانی تیرۆر و كوشتن، ده‌گاته‌ له‌سێداره‌دان و پێش جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كان، پێویسته‌ سه‌رۆك كۆمار واژۆیان له‌سه‌ر بكات.


PM:02:22:23/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت