كچێكی ته‌مه‌ن نۆ ساڵان بەهۆی ئەشکەنجەی باوک و زڕدایکەکەیەوە گیانی لەدەستدا

‌وێنەیەکی منداڵەکە و باوکی

وێستگه‌نیوزـ

باوکێک لە پارێزگای دیالە لە کچە نۆ ساڵانەکەی دەدات و لەبەر تیشکی خۆردا دەیبەستێتەوە تا ئەوکاتەی رۆحی دەردەچێت، دایکی کچەکەش دەڵێت، ماوەی ساڵێکە هیچ هەواڵم لە کچەکەم نییە تا دواجار هەواڵی مەرگیم پێگەیشت.


میار کچێکی ته‌مه‌ن نۆ ساڵانە و بۆماوەی دوو ساڵە دایک و باوکی لەیەک جیابوونەتەوە، لە ژیانێکی کولەمەرگیدا لەگەڵ باوکی و زڕدایکی دەژی، بەپێی زانیارییەکان ئەم کچە لەلایەن باوکی و زڕدایکەکەیەوە ئەشکەنجەی زۆر دراوە، تەنانەت جارێکیش باوکی بە چای گەرم سووتاندوویەتی.

رۆژی 19ی تەمموزی 2024، باوکی میار بە هاوکاری هاوسەرەکەی ئەشکەنجەی کچەکەی دەدات، بە ماسیحە دەیکێشیت بەسەریدا، دواتریش لەسەربانی ماڵی خۆیان لەبەر هەتاوی سووتێنەر و گەرمای هاوین دەیبەستێتەوە، تا لە کۆتایدا گیان لەدەست دەدات.

دایکی میار دەڵێت، کە جەستەی کچەکەی بە تەواوی سووتێنراوە و شوێنەواری ئەشکەنجەی پێوە دیاربووە، لە ئێستاشدا سکاڵای لە دژی باوکی کچەکەی و هاوسەرەکەی تۆمار کردووە، داوادەکات هاوشێوەی ئەشکەنجەدانی کچەکەی ئەشکەنجە بدرێنەوە و لەسێدارە بدرێن.

لەدوای ئەم تاوانە باوکی کچەکە کە خەڵکی بەعقوبەیە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و دانی بەتاوانەکەیدا ناوە، بەڵام هاوسەرەکەی تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە وهەڵهاتووە.


AM:09:49:22/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 3420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت