محه‌مه‌د حه‌سان وه‌ك شوێنگره‌وه‌ی‌ پلاسخارت دیاریكرا


وێستگه‌نیوز-
ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، محه‌مه‌د حه‌سان نوێنه‌ری‌ شانشینی‌ عومانی‌ وه‌ك نوێنه‌ری نوێی تایبه‌تی خۆی له‌ عێراق و سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی هاوكاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (یۆنامی) بۆ عێراق ڕاگه‌یاند.


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15ی ته‌مموزی 2024)، ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ده‌ستنیشانكردنی محه‌مه‌د حه‌سان نوێنه‌ری‌ شانشینی‌ عومانی‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان وه‌ك نوێنه‌ری نوێی تایبه‌تی خۆی له‌ عێراق و سه‌رۆكی (یۆنامی) ئاشكرا كرد.

محه‌مه‌د حه‌سان شوێنی‌ جێنین هێنیس پلاسخارتی‌ هۆڵه‌ندی‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ پێشتر نوێنه‌ری‌ تایبه‌تی‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و سه‌رۆكی‌ یۆنامی‌ بوو له‌ عێراق.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ "ئه‌لحه‌سان ئه‌زموونێكی زۆری‌ دیپلۆماسی و پیشه‌یی زیاتر له‌ 30 ساڵ كاركردنی‌ له‌ بواری دیپلۆماسی خۆپارێزی و بنیاتنانی ئاشتی و گه‌شه‌پێدان هه‌یه‌”.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ كه‌ نێرده‌ی نوێی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق "له‌م دواییانه‌دا وه‌ك نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی شانشینی‌ عومان له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان خزمه‌تی‌ كردووه‌ و پێشتریش له‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ مه‌سقه‌ت چه‌ندین ئه‌ركی‌ جیاوازی‌ پێسپێردراوه‌ وه‌ك بریكاری‌ وه‌زاره‌ت بۆ كاروباری‌ دیپلۆماسی‌ به‌وه‌كاله‌ت (2016)، سه‌رۆكی دیوان (2015)، و سه‌رۆكی به‌شی نووسینگه‌ی‌ وه‌زیر (2012)” .

له‌ نێوان زۆرێك له‌ پۆسته‌ باڵاكاندا، به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌، ئه‌لحه‌سان پۆستی باڵیۆزی نائاسایی و رێپێدراوی‌ شانشینی‌ عومانی‌ له‌ روسیا پێسپێردراوه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا باڵیۆزی نانیشته‌جێ له‌ بیلاڕوس، ئۆكرانیا، ئه‌رمینیا و مۆڵدۆڤا بووه‌.

هه‌روه‌ك ئه‌لحه‌سان پێشتر وه‌ك جێگری نوێنه‌ری‌ هه‌میشه‌یی شانشینی‌ عومان له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نیویۆرك كاری كردووه‌. پێشتریش وه‌ك جێگری نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی عومان له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ جنێڤ كاری كردووه‌.

ئەلحەسان، زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی واشنتن لە ویلایەتی سیاتڵی ئەمریکا تەواو کردووە. ماستەریشی لە پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان لە زانکۆی سانت جۆن لە نیویۆڕک وەرگرتووە. دکتۆراشی لە لە ئامار و ئابووری لە زانکۆی مۆسکۆ وەرگرتووە.
 
ئەو دیپلۆماتکارە عومانییە، لەساڵی 1963 لەدایک بووە و بێجگە لە زمانی عەرەبی، زمانەکانی ئینگلیزی، رووسی و نەرویجی دەزانێت و ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و دوو کچی هەیە.
 
یونامی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکات و لە 14ی ئابی 2003وە دامەزراوە و ئەرکیان هاوکاریکردنی حکومەتی عێراقە لە پرۆسەی سیاسیی و هەڵبژاردنەکان و هەروەها دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارەکانی عێراق.
 
ئەو نوێنەرایەتییە ساڵانە ماوەی کارکردنی درێژ دەکرێتەوە، بەڵام ئەم ساڵ لەسەر داوای حکومەتی عێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا لە 31ی کانوونی یەکەمی 2025، دوا رۆژی ئەرکی یونامی لە عێراق دەبێت.
 
لە 21 ساڵی کارکردنی یونامی دا، حەوت دیپلۆماتکار نوێنەرایەتی یونامیان لە عێراق کردووە دیارترینیان ستیفان دیمستورا، دیپلۆمارتکاری سوێدی. یان کۆبیش، دیپلۆماتکاری سلۆڤاکی و پلاسخارت، دیپلۆماتکاری هۆڵەندی بوون.


PM:07:28:15/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت