حەشارگەی ئەو دوو چەکدارە داعشەی دزەیان کردبووە قەرەهەنجیر وێران کرا
فڕۆکەیەکی F16ی عێراقی. وێنە: ئەرشیڤ
وێستگهنیوزـ
هێزی ئاسمانی عێراق بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان مۆڵگەی ئەو چەکدارانی داعشیان بۆمباران کرد کە دوێنێ یەکشەممە، دوو چەکداریان لە قەرەهەنجیر پەلاماری هێزەکانی ئاسایشیان دابوو.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بڵاویکردووەتەوە، ئەو چەکدارە داعشەی دوێنێ بە برینداری لە لایەن هێزەکانی ئاسایش لە شارەدێی قەرەهەنجیر دەستگیرکرا، دانی ناوە بەوەی کە حەشارگەکەیان لە چیای پەڵکانەیە لە رۆژهەڵاتی پارێزگای سەلاحەددین و ژمارەیەک چەکداری دیکەی داعشی تێدایە، لەسەر بنەمای ئەم دانپێدانانە، فڕۆکەکانی F-16 بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئاسایشی گشتیی هەرێمی کوردستان حەشارگەکەی چەکدارانی داعشیان بۆمباران کرد.
هەر لە راگەیەندراوەکەی فەرماندەییەکە هاتووە، حەشارگەکەی چەکدارەکان دەکەوێتە سنووری ئۆپراسیۆنەکانی هێزەکانی عێراقی لە رۆژهەڵاتی پارێزگای سەلاحەددین و لە نێویدا چەند چەکدارێک هەبوون و بە وردی بۆمباران کراوە و حەشارگەکە بەسەر چەکدارەکاندا خاپوور کراوە.
بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە 14ی تهمموزی 2024، دوو چەکداری داعشی ماتۆڕسوار، لە شارەدێی قەرەهەنجیری سنووری پارێزگای کەرکووک پەلاماری هێزەکانی ئاسایشیان دا بە هۆیەوە کارمەندێکی ئاسایش بەناوی جوامێر عەزیز رەشید شەهید و کارمەندێکی دیکەش بریندار بووە. هەروەها یەکێک لە داعشەکان کوژراو و ئەوەی دیکەش بە برینداری دەستگیر کرا.
لەلایەن خۆیەوە ئاڤێستا شێخ محەممەد، بەڕێوەبەری شارەدێی قەرەهەنجیر رایگەیاند: ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە، بووەتە هۆی دزەکردنی چەکدارانی داعش بۆ شاری کەرکوک و دەوروبەری.
بهڕێوهبهری ناحیهی قهرهههنجیر ئهوهشی وتووه، ئەو دوو لیوا هاوبەشەی پێک هێنراون و تا ئێستا نەتوانراوە کارا بکرێن، ئەمەش بەشێکە لە کێشەی بۆشاییە ئەمنییەکان و دزەکردنی چەکدارانی داعش، ئەو دوو چەکدارەشی دزەیان کردبوو هەموو ئامادەکارییەکان کردبوو بۆ ئەوەی کردەوەی گەورەی تیرۆریستی لە قەرەهەنجیر بکەن کە سەقامگیرترین ناوچەی سنووری پارێزگای کەرکوکە.
AM:08:48:15/07/2024
ئهم بابهته 1148
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت